رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە باخەکانی قەیسی و بادەم لە پارێزگای مەڵەتیی باکووری کوردستان، شەختە زیانی زۆری پێگەیاندوون، لەگەڵ دابەزینی پلەی گەرما تاوەکو دێت زیانەکان زیاتر دەبن. بەرپرسان دەڵێن بەرهەمی قەیسی دوای گوڵگرتن بەهۆی شەختەوە سووتاوە.
دۆغان سۆڵماز، سەرۆکی ژووری کشتوکاڵیی یەشیلیورت دەڵێت، "ئەم باخچەیەی ئێستا تێیداین، سەرەڕای ئەوەی خزمەتێکی باش کراوە، لە لقەکانی سەرەوەی دارەکانەوە تاوەکو لقەکانی خوارەوەمان پشکنی. بۆمان دەرکەوت نزیکەی 99٪ـی شەختە سووتاندوویەتی".
بەشێک لە باخەکانی پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان هەمان دۆخی باخەکانی مەڵەتییان هەیە، باخەوانان دەڵێن، سەرەڕای هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی دار و بەروبوومەکان، بەڵام شەختە زیانی بە بەرهەمەکانیان گەیاندووە.
فەهمی تورانڵی، خاوەن باخی بادەم باس لەوە دەکات، "دوو رۆژ لەمەوبەر گەرما بۆ چوار پلەی ژێر سفر دابەزی. هەرچەندە لە باخەکانماندا دژە شەختە هەیە، بەڵام دیسانیشەوە لە هەندێک شوێندا زیانی 100٪ هەیە".
لە پارێزگای سەمسوور بە پانتایی 78 هەزار دۆنم باخی بادەم هەیە، ئەو پارێزگایە ساڵانە 18 هەزار تۆن بادەم بەرهەمدەهێنێت.
هەروەها بەپێی ئامارەکان، پار لە پارێزگای مەڵەتی 391 هەزار و 88 تۆن بەرهەمی قەیسی هەبووە، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ بەهۆی تێکچوونی دارەکان ئەو بەرهەمانە 50٪ کەمبکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ