لە رووداوێکی تەقەکردندا گەنجێک لە چوارقوڕنە کوژرا


رووداو دیجیتاڵ 

لە رووداوێکی تەقەکردندا لە شارۆچکەی چوارقوڕنەی سەر بە قەزای رانیە، گەنجێک کوژرا. گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕینیش رایگەیاند، ئەو کەسەی کوژراوە تەمەنی 34 ساڵان بووە و لەلایەن چەند کەسێکەوە دەستڕێژی لێکراوە.

شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە نزیکەی کاژێر 06:30 خولەکی ئێوارە بووە و ئەو کەسەی کوژراوە ناوی (ئـ. م. ب)ـە و لەدایکبووی ساڵی 1987ـە. پیشەی پۆلیس بووە لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین/ بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ژاراوە. 

ئەو کەسە دانیشتووی شارۆچکەی چوارقوڕنە بووە و ماڵەکەی لە کۆڵێن سیتی بووە. بە گوتەی خێزانی کوژراوەکە کە قسەی بۆ پۆلیسی راپەڕین کردووە، "ئێوارەی ئەمڕۆ پێش خۆرئاوابوون لە نزیک ماڵەکەی خۆیان لە کۆڵێن سیتی لە ناحیەی چوارقوڕنە لەلایەن چەند کەسێکەوە دەسڕێژی گوللەی لێکراوە و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە." 

پۆلیسی راپەڕین لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کردووە، دادوەری لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە ئاگادار کراوەتەوە و مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کرایەوە. ئێستا "فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تەقەکەرەکان دەرچووە و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە."