پارێزگاری هەڵەبجە بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق: گرنگە هەڵەبجە بە زووترین کات ببێتە پارێزگا

16-03-2025
پەیمان محەممەد
نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بەوەکالەت
نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بەوەکالەت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

یادی 37 ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە لە شاری هەڵەبجە کرایەوە. پارێزگاری هەڵەبجە بەوەکالەت داوا لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەکات، هەرچی زووە کارەکانی تایبەت بە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو بکەن. 
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە 16-03-2025) بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە کۆنسووڵی وڵاتان، کەسایەتیی حیزبی و حکومی، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، کەسوکاری قوربانیانی ئێزدی و بارزانییەکان، رێوڕەسمی 37ـەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە لە گۆڕستانی شارەکە بەڕێوەچوو.
 
رێوڕەسمەکە بە دانانی تاجەگوڵینەی ژمارەیەک لە حیزب، لایەن و کەسایەتییەکان دەستیپێکرد، دواتر نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بەوەکالەت گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند ''داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین، ئەو تاوانەی بەرامبەرمان کرا، لە جیهاندا بە جینۆساید بناسێنن.''
 
نوخشە ناسیح گوتی، ''لەم یادەدا؛ رووی دەممان دەکەینە دەسەڵاتدارانی عێراق کە میراتگری حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانە و دەڵێین، ئەوە هاواری ئێمە بوو، کە هاوپەیمانانی یەکخست تاوەکو گەلانی عێراق لە دەستی ئەژدیهای مێژوو رزگاربکەن و پەتی لەسێدارەدانەکەی عەلی کیمیایی بهێننەوە هەڵەبجە.''
 
پارێزگاری هەڵەبجە بەوەکالەت گوتی، ''ئێستا هەوڵی جیدیمان دەوێت بۆ ئەوەی برینەکانی ئەم شارە ساڕێژ بکرێن. داواکارین بە زووترین کات بە یاسا [هەڵەبجە] بەپارێزگا بناسێندرێت و لەنێو ململانێ سیاسییەکاندا دەربهێندرێت و وەک دۆسیەیەکی مرۆڤانە لێی بڕوانن.''
 
پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دوو خوێندنەوەی بۆ کراوە، بەڵام دەنگی لەسەر نەدراوە؛ ئەیلوولی 2023 دوو خوێندنەوەی بۆ کرا، بەڵام کە گەیشتە دەنگدان، پڕۆژەیاسای دیکەی خرایە پاڵ و سوننە و شیعە ناوچەی خۆیان بردە نێو بابەتەکە و ئیدی هەوڵەکان شکستیان هێنا. 
 
نوخشە ناسیح گوتی: ''لەسەر بنەمای ئەو وێرانکارییەی بەسەر هەڵەبجەدا هاتووە، پێویستە بودجەیەکی تایبەتی بۆ دابین بکرێت و ئاوەدان بکرێتەوە؛ هەرچی زووە قەرەبووی مادی و مەعنەوی دانیشتووانەکەی بکەنەوە''.
 
پارێزگاری بەوەکالەتی هەڵەبجە، رووی دەمی کردە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراق، گوتی ''هەموو هەوڵەکانمان چڕکردوونەتەوە و سەردانی کۆنسووڵخانە و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و عێراقمان کردووە، بەردەوامیش دەبین تاوەکو بەدەستهێنانی تەواوی مافەکانمان. بەرپرسیارانە بە ئەرکی خۆتان هەستن و لە چاو گەورەیی کارەساتەکەدا، بڕیار بدەن.''
 
داواکارییەکانی کەسوکاری شەهیدان 
 
دواتر لەلایەن هۆشمەند موراد، ئەندامی دەستەی باڵای کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، پەیامی کەسوکاری شەهیدان خوێندرایەوە کە کۆمەڵێک داواکاریی بۆ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەخۆگرتبوو: 
 
یەکەم: دابینکردنی بودجەیەکی تایبەت بۆ بەرکەوتووانی کیمیاباران و دروستکردنی بۆردێک بە سەرپەرشتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەندامێتیی کۆمەڵەی قوربانیان بۆ چارەسەرکردن و چاودێریکردنیان.
 
دووەم: کاری هەنووکەیی بکرێت بۆ ئەوەی هەڵەبجە وەک پارێزگایەک لە عێراق و جیهان بناسرێت. 
 
سێیەم: داوا دەکەین حکومەتی عێراق هەستێت بە قەرەبووکردنەوەی دانیشتووانی هەڵەبجە و دەوروبەری و بە هەمانشێوەی شوێنەکانی دیکە بە زیندانی سیاسی هەژماریان بکات. 
 
چوارەم: بە زوویی رێکارەکان بۆ جێبەجێکردنی پردی تەنگی سەید محەممەد و کردنەوەی مەرزی سازان بگیرێنەبەر و دوانەخرێن.
 
پێنجەم: یاسای تاقانەکانی جینۆساید وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و بایەخی تەواو بدرێت بە پرسی منداڵە ونبووەکان. لە عێراق لە ئاستی وەزارەتی دەرەوە و لە هەرێمی کوردستانیش لە ئاستی ئەنجوومەنی وەزیران، بۆردێکی کارا بۆ سۆراخکردنیان دروست بکرێت.
 
شەشەم: لە هەرێمی کوردستان و بەغدا، پرۆسەی بەجینۆسایدناساندنی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە ئاستی نێودەوڵەتی رێکبخرێت و بە بەرنامە بکرێت.
 
میوزیک و زامی هەڵەبجە
 
 
هەر لە رێوڕەسمەکەدا دوو بەرهەمی هونەری بە ناوەکانی ''ئەوین و جوانی'' و ''لە دووری تۆ'' لەلایەن تیپی میوزیکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەریی هەڵەبجەوە پێشکێشکران. 
 
هاوکات گرووپی تەمبوورژەنانی هاواری شنروێ لە هەڵەبجە و ژمارەیەک هونەرمەند، ژمارەیەک بەرهەمی هونەرییان پێشکێشکرد.
 
باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق، کۆنسووڵخانەی گشتیی ئێران لە هەرێمی کوردستان، قەرارگەی رەمەزانی سوپای پاسداران، کۆنسووڵخانەکانی ئەرمینییا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا و فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە دامەزراوە حکومی و خۆجێییەکان بەشێکی دیکە لەو لایەنانە بوون لە کۆتایی رێوڕەسمەکەدا تاجەگوڵینەیان لەسەر مۆنیومێنتی شەهیدان لە گۆڕستانی هەڵەبجە دانا.
 
16ـی ئاداری 1988 دەسەڵاتی ئەو کاتی عێراق بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە و دەوروبەری بۆردوومانکرد و لە ئەنجامدا زیاتر لە 5 هەزار کەس شەهید و 10 هەزار کەس بریندار بوون و نزیکەی هەموو خەڵکی ناوچەکەش ئاوارەبوون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.

پەیامی نێچیرڤان بارزانی لە ئامەد: هەرچی بە ئێمە بکرێت بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی دەیکەین

لە ئامەدی باکووری کوردستان دەیان هەزار هاونیشتمانی بەشدارییان لە ئاهەنگی نەورۆز کردووە. لە ئاهەنگەکەدا پەیامی نێچیرڤان بارزانی خوێندرایەوە کە رایگەیاندووە، "هەرچی بە ئێمە بکرێت بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی دەیکەین."