سەرژمێری دەریدەخات کەمترین منداڵ و زۆرترین بەتەمەن لە سلێمانین

16-03-2025
پێشەوا بەختیار
سلێمانی لەسەر ئاستی عێراق بچووکترین قەبارەی خێزانی هەیە.
سلێمانی لەسەر ئاستی عێراق بچووکترین قەبارەی خێزانی هەیە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئاوات فەتاحی تەمەن 51 ساڵ، رۆژانە بۆ پەیداکردنی بژێوی خێزانە 5 کەسییەکەی، لە نێو بازاڕی سلێمانی کاردەکات. ئەو لە خێزانێکی 15 کەسی گەورە بووە، هەژاری رێگەی نەداوە هەموو خوشک و براکانی خوێندن تەواو بکەن.
 
ئەو لە 15 ساڵی ژیانی هاوژینیدا، سێ منداڵی هەیە و نایەوێت وەچەی زیاتر بخاتەوە. منداڵەکانی لە قوتابخانە دەخوێنن و جار جارە یەکێک لە کوڕەکانی بۆ هاوکاریکردنی لەگەڵی دەچێتە بازاڕ.
 
ئاوات فەتاح دەڵێت، "سێ منداڵم هەیە، ژیانێکی ئارام، پەروەردەیەکی جوان و جەرجییەکی کەم لەوە باشترە 8 منداڵت هەبێت و نەتوانی پەروەردەی بکەیت."
 
سەرخێڵیش تەمەنی 38 ساڵە و بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی، لە بازاڕی کەلار کاری پینەدۆزی دەکات. بەرهەمی 12 ساڵی ژیانی هاوژینی دوو منداڵە، خۆشی لە خێزانێکی 5 کەسی گەورە بووە. قورس پەیداکردنی پارە و پەروەردەیەکی گونجاو، هۆکاری کەمی وەچە خستنەوەیانە.
 
سەرخێڵ، باس لەوە دەکات، "من بەم کارە پارە پەیدا دەکەم، ئامادە نیم لە دوو منداڵ زیاترم هەبێت، بە حەڵاڵی پەروەردەیان بکەم و نەیەڵم ببن بە بارگرانی بەسەر ئەم وڵاتەوە."
 
کچانی سلێمانی هاوشانی پیاوان سەرقاڵی کارکردنن، بۆیە لە هەرکامیان دەپرسیت، خواستی منداڵی کەمی هەیە و هەمووی خەمی داهاتوویانە ودەیانەوێت منداڵەکانیان پەروەردەیەکی باشیان هەبێت.
 
هێشوو دڵشاد، یەکێکە لە ژنە دووکاندارەکانی سلێمانی و لەبارەی ژمارەی منداڵەوە باس لەوە دەکات، "ئێمە پێویست ناکات منداڵ
زۆربخەینەوە، خەمی پەروەردەکردنمان بێت لە زۆری باشترە."
 
بەپێی ئەنجامەکانی سەرژمێری، سلێمانی لە هێزی کار یەکەمە و لە بچووکی قەبارەی خێزان بە رێژەی 4.22 یەکەمە، و کەمترین منداڵ و زۆرترین بەتەمەنی تێدا دەژی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە