مەسرور بارزانی داوا دەکات بەزووترین کات بەپارێزگابوونی هەڵەبجە پەسند بکرێت

16-03-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە 37ـەمین ساڵڤەگەڕی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە رایگەیاند "هەڵەبجە پێویستی بە خزمەتی زیاتر هەیە،" دانیشتووانی پارێزگەکەشی دڵنیاکردەوە لەوەی "لە داهاتووشدا، زیاتر و باشتر خزمەتی ئەو ناوچەیە دەکەین."
 
رۆژی 16ـی ئاداری 1988، حکومەتی ئەوکاتی عێراق بە چەکی کیمیایی هێرشی کردە سەر هەڵەبجە، بەو هۆیەوە لانیکەم 5 هەزار هاونیشتمانی شەهید بوون، بەشێکی خەڵکەکەش بەهۆی کاریگەریی چەکی کیمیایی لەسەریان، تووشی نەخۆشیی جۆراوجۆر بوون و تاوەکو ئێستاش ئاسەواری نەخۆشییان لەسەرە.
 
لە پەیامێکدا ئەمڕۆ مەسرور بارزانی رایگەیاند، "حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئەرکی سەرەکیی خۆی دەزانێت خزمەتێکی شایستەی هەڵەبجەییەکان و قوربانییانی دیکەی جینۆسایدی گەلی کوردستان بکات. لە ساڵانی رابردووشدا، چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا لە پارێزگەی هەڵەبجە ئەنجامداوە، بەڵام دەشزانین هەڵەبجە پێویستی بە خزمەتی زیاتر هەیە، لەم رووەوە، دانیشتووانی بەڕێز و قوربانیدەری پارێزگەی هەڵەبجە دڵنیادەکەینەوە کە لە داهاتووشدا، زیاتر و باشتر خزمەتی ئەو ناوچەیە دەکەین."
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی عێراق دەکات "چیدیکە کەمتەرخەمی بەرانبەر قوربانیدانەکانی هەڵەبجە نەکرێت و بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبووبکرێنەوە و بەپارێزگەبوونەکەشی لە زووترین کاتدا پەسند بکرێت."
 
گوشار و مەرجەکانی 12 ساڵەی کورد لەسەر حکومەت و پەرلەمانە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی پرۆژەیاساکەی لێکەوتووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستاش لایەنە عێراقییەکان رێگرن ببێتە یاسا.
 
ساڵی 2013 نێچیرڤان بارزانی، پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی پێشکێشی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد و لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندکرا. 10 ساڵ دواتر و لەکابینەی محەممەد شیاع سوودانی، پرۆژەیاسایەکی چوار مادەیی رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرا و لە دانیشتنێکدا بە سەرۆکایەتیی شاخەوان عەبدوڵڵا، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ  کرا، بەڵام بەهۆی دژایەتیی لایەنە عێراقییەکان، دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە چەندینجار دواخراوە.
 
هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 13-03-2014ـەوە بڕیاری بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی دەرکردووە، بەڵام رێگرییەکانی عێراق بووەتە هۆی ئەوەی چوارەم پارێزگای هەرێمی کوردستان بێ دانپێنانی بەغدا و بودجەی تایبەت بمێنێتەوە.
 
ئەمساڵ لە یادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دا، حکومەتی عێراق بۆ یەکەمجار 16ـی 3ـی کردە پشووی فەرمی، بەڵام ئەویش لەژێر ناوی یادی تاوانەکانی بەعس دژی گەلی عێراق. کە جگە لە کیمیابارانی هەڵەبجە، ئەنفال، راپەڕینی شیعەکان، بەئامانجگرتنی حیزبەکانیان و تیرۆری زانایانی ئایینیی شیعەی تێدا گونجێندراوە.
 

چەند خولەکێک وەستان بەبێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە ئەنجوومەنی وەزیران:

 
دەقی پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵڤەگەڕی کیمیابارانی هەڵەبجە
 
لە ساڵڤەگەڕی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە و دەوروبەری، ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی ئەم کۆمەڵکوژییەی رژێمی پێشووی عێراق دەکەینەوە و هەمیشە لە یادمانن. پێزانینی زۆرمان بۆ قوربانیدانەکانی خەڵکی نیشتمانپەروەر و تێکۆشەری هەڵەبجە، بەتایبەتی بریندارانی کارەساتەکە و کەسوکاری سەربەزری شەهیدان هەیە.
 
هەرچەندە بەشێک لە بەرپرسیار و ئەنجامدەرانی سەرەکیی ئەم تاوانە، بە سزای خۆیان گەیشتن، بەڵام سەرەڕای تیپەڕبوونی (37) ساڵ، بەسەر ئەم کارەساتە مەزنە، هێشتا زام و برینەکانی ئەم تاوانە ساڕێژ نەبوون. بۆیە ئەرکی هەموومانە، کار لەپێناو زیاتر ناساندنی جینۆسایدی هەڵەبجە و ئەنفال و هەموو تاوانەکانی دی، کە بەرانبەر گەلی کوردستان کران بکەین و خزمەتێکی زیاتری بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان و قوربانییانی ئەم تاوانانە بکەین.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئەرکی سەرەکیی خۆی دەزانێت کە خزمەتێکی شایستەی هەڵەبجەییەکان و قوربانییانی دیکەی جینۆسایدی گەلی کوردستان بکات. لە ساڵانی رابردووشدا، چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا لە پارێزگەی هەڵەبجە ئەنجامداوە، بەڵام دەشزانین هەڵەبجە پێویستی بە خزمەتی زیاتر هەیە، لەم رووەوە، دانیشتووانی بەڕێز و قوربانیدەری پارێزگەی هەڵەبجە دڵنیا دەکەینەوە کە لە داهاتووشدا، زیاتر و باشتر خزمەتی ئەو ناوچەیە دەکەین.
 
ئەوەی جێی داخە، حکومەتی فیدراڵ تا ئێستا، بەرپرسیاریێتیی دەستووری و یاسایی خۆی لە قەرەبووکردنەوەی بنەماڵە و کەسوکار قوربانییان و شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفالکراوان جێبەجێ نەکردووە. تەنانەت تا ئێستاش، ئەنجومەنی نوێنەران پرۆسەی بەپارێزگەبوونی هەڵەبجەی پەسەند نەکردووە. بۆیە داوا دەکەین چیتر کەمتەرخەمی بەرانبەر قوربانیدانەکانی هەڵەبجە نەکرێت و بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبووبکرێنەوە و بەپارێزگەبوونەکەشی لە زووترین کاتدا پەسەند بکرێت.
 
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی کوردستان.
 
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2025/3/16
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە