کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی هەڵەبجە دەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 
 
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی فەرمانی وەزاری بۆ کردنەوەی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی هەڵەبجە دەرکرد  و، بڕی 200 ملیۆن دینار بۆ دروستکردنی ژێرخانی کۆلێژەکە تەرخان دەکات.
 
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە کۆپییەکی تایبەت بۆ رووداو نێردراوە، ئەمڕۆ لە 36ـەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا فەرمانی کردنەوەی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی هەڵەبجەی دەرکرد.
 
لە نووسراوەکەدا هاتووە "پێویستە زانکۆی هەڵەبجە سەرجەم ئامادەکارییەکانی کردنەوەی کۆلێژەکە بەپێی یاسا و رێنماییەکانی وەزارەتمان و پێوەر و ستانداردەکانی دڵنیایی جۆری تەواو بکات، دواتر قوتابی/خوێندکار بە کۆلێژی ناوبراو دەدرێت."
 
پێش ساڵی 2010، زانکۆی ئێستای هەڵەبجە تەنیا فاکەڵتییەک بوو بە ناوی فاکەڵتیی پەروەردەی بنەڕەتی، کە سەر بە زانکۆی سلێمانی بوو.
 
لە 8ـی تەمموزی 2010، لە کابینەی شەشەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران بە بڕیاری ژمارە 1670 زانکۆی هەڵەبجەی دامەزراند و لە شوباتی 2011، سەرۆکایەتی زانکۆی هەڵەبجە دەستی بە کارەکانی کرد.