چیرۆکی ئەو ژنەی خاوەن زۆرترین شەهیدە لە کیمیابارانی هەڵەبجە

16-03-2024
سازگار سەڵاح
36ـەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە
36ـەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە
نیشانەکردن کیمیابارانی هەڵەبجە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە 36ـەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، ژنێک بەناوی نەرمین بە خەمبارییەوە لەسەر گۆڕێک دانیشتووە و وێنەی ئەندامانی خێزانەکەی بەدەستەوەیە، سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی و بەشێکی زۆر لە خزمانی ئەو ژنە، لە دوایین هەناسەیاندا گازی خەردەلیان هەڵمژی و خنکان.
 
نەرمين کەمال، خاوەنی زۆرترين شەهيدی کيميابارانی هەڵەبجە دەڵێ "هەموو خوشک و دايک و برامن، خاوەنی 14 شەهيدم، مامێکيشم لەوێ بوو و مرد، ئەوە 15. من، خاوەنی زۆرترين شەهيدی هەڵەبجەم."
 
بە دڵێکی پڕەوە قسە بۆ رووداو دەکات، نەرمین هەروەها دەڵێ "هەموو کات و ساتێ دڵم پڕە، دايم لە ماڵەوە دەڵێن 'بۆ ئەوەندە دڵت پڕە؟' چۆن دڵم پڕ نابێت، کە ماڵە باوکێک نەبێت، دايکێت نەبێت وەک کچێک بچيت و مناڵەکانت ببەی و دڵخۆش بن."
 
بەرپرسانی باڵا ئەمساڵ لە یادی کیمیابارانی هەڵەبجە بەشدار نەبوون
 
ئيدارەی پارێزگای هەڵەبجە زۆرینەی بەرپرسە باڵاکانی عێراق و هەرێمی کوردستانی بۆ ساڵیادەکە بانگیهێشت کردبوو، بەڵام ئامادەی نەبوون.
 
نوخشە ناسيح، قايمقامی هەڵەبجە بە رووداوی گوت "لە يادی 36 ساڵەی کيميابارانی هەڵەبجە، وەک ليژنەی باڵای فێسيڤاڵ بانگهێشتنامە بۆ هەرسێ سەرۆکايەتييەکەی هەرێم و حکومەتی ناوەنديش نێردراوە، بەڵام هيچييان نەهاتن. ئێمە بەڵێن بە کەسوکاری شەهيدان دەدەین هەر يادی دەکەينەوە ئەگەر 10 ماڵيش بين."
 
هەڵەبجەییەکان بەگشتی نيگەرانن و پێیانوایە شارەکەیان لەچاو ئەو قوربانییە مەزنە، کەم خزمەتی کراوە.
 
فارووق حەمەتۆفيق، دادوەرە و دەڵێ "36 ساڵ بە درووشم و مۆسيقا و لاواندنەوە ئيشی ناڕوات، هەڵەبجە پێويستی بەوەيە بنياد بنرێتەوە، پرۆژەی گەورەی بۆ بکرێت، ئەو پرۆژە ئابوورييانەی وەک تەنگی سەی محەممەد و پردی تووە قووت و مەرزی سازان و کارا بکرێن بۆ ئەوەی هەڵەبجە لەو نەهامەتی و کەنارگيریيە ئابوورييە رزگاری ببێت."
 
هاونیشتمانییەکیش بەناوی عەتا رەئووف سەبارەت بە یادی ئەمساڵی کیمیابارانی هەڵەبجە دەڵێ "ساردوسڕييەکی زۆر بە ساڵيادی هەڵەبجەوە ديارە، بەداخەوە بەرپرسان ئەمساڵ لە پارێزگای هەڵەبجە ئامادەنەبوون."  
 
ماوەی 10 ساڵە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵەبجەی وەکو پارێزگا ناساندووە، بەڵام هێشتا لە بەغدا و پەرلەمانی عێراق ئاستەنگ لەبەردەم بوونی هەڵەبجە بە 19ـەیەمین پارێزگای عێراق دروستدەکرێت.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

منداڵەکان دوای لەدایکبوونیان لەلایەن دایکەکانیانەوە جێدەهێڵدرێن.

دوو منداڵ لەلایەن دایکەکانیان لە نەخۆشخانەیەکی کەرکووک جێدەهێڵدرێن

دوو منداڵ لەدوای لەدایکبوونیان لە نەخۆشخانەی ئازادی شاری کەرکووک، لەلایەن دایکەکانیان جێدەهێڵدرێن و کارمەندانی تەندروستی کاری بەخێوکردنیان لەئەستۆ گرتووە.