لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوازی جیاواز یادی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە کرایەوە

رووداو دیجیتاڵ

هەڵەبجە هێشتا رووداوێکی مێژوویی نییە، لە شوێنە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەمساڵیش لە 36ـەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە بە شێوازی جیاواز، یادی شەهیدانی هەڵەبجە بەرز راگیرا.
 
گرووپێکی منداڵانی مەریوان سروودی "بەتەنیا جێم مە‌هێڵن"ـیان بە هاوکاریی چەند هونەرمەندێکی بواری مۆسیقای مەریوان گوتەوە و بڵاویان کردەوە. 
 
کلیپەکە پێشکەشی هەموو قوربانییەکانی کیمیاباران کرا. حکومەتی بەعسی عێراق جگە لە هەڵەبجە، ژمارەیەکی زۆری شار و گوندەکانی دیکەی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانیشی کیمیاباران کردووە. بۆیە جگە لە هاونەتەوەبوون، هاوبرینییش وایکردووە هەست و سۆز لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ هەڵەبجە زیاتر بێت.
 
ئەمڕۆ 16ـی ئادار لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەشێوازی جیاجیا یادی قوربانییانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە کرایەوە؛ قوتابییانی قوتابخانەی فیردەوس سەر بە شاری جوانڕۆ، بە جلوبەرگی کوردییەوە چوونە قوتابخانە.
 
هەروەها منداڵانی ناوەندی منداڵانی شارۆچکەی ساحێو سەر بە پارێزگای سنە، سروودی 'بەتەنیا جێم مەهێڵن'ـیان گوتەوە، کە سروودێکی گشتگیرە بۆ یادکردنەوەی شەهیدانی هەڵەبجە.
 
هەندێ کەس بە پەخشان و شیعر هەستی دەروونیان بۆ هەڵەبجە دەربڕی. هەندێکی دیکە بە چاندنی نەمام، منداڵانی ناوچەی لەیلاخ سەر بە شاری دێولان لە پارێزگای سنە، لە شاخی شەیاوە یادی هەڵەبجەیان بەرز راگرت.
 
هەندێ لە گرووپە شاخەوانییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش یادی شەهیدانی هەڵەبجەیان بەرز نرخاند، لەوانە ئەندامانی گرووپی شاخەوانیی نووری شاهۆ، کە بەرەو لووتکەی شاهۆ سەرکەوتن.
 
یادکردنەوەی هەڵەبجە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ سەرەتاکانی نەوەتەکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، کە خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران یادی هەڵەبجەیان دەکردەوە، ئەم رەوتە تاوەکو چەند ساڵ لەمەوبەریش بەردەوام بوو، بەڵام بەهۆی گوشاری دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ سەر رێکخستنە خوێندکارییەکان و گوشار بۆ سەر خوێندکارە چالاکەکان، بواری چالاکییەکانی ئەوانیش بەرتەسک بوو.
 
سەرەڕای ئەوانەش یادکردنەوەی شەهیدانی هەڵەبجە لەلایەن کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەر زیندوو راگیراوە.