رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەڵەبجە دەڵیت، ئەگەر حکومەتی عێراق کیمیابارانی هەڵەبجەی بە خەمی خۆی زانیبایە، دەیکردە پارێزگا. گوتیشی، یەک ملیارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشکێشی پارێزگاکەی کردبوو، خراوەتە سەر هەژماری بانکیی هەڵەبجە.
ئەمڕۆ شەممە 16ی ئاداری 2024 ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی کرد، رایگەیاند، "ئەم ساڵ رێوڕەسمی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە جگە لە ساڵی 2019، لە سەرجەم ساڵەکان گەرموگوڕتر بووە."
سەرجەم دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بە فەرمی بانگهێشتی رێوڕەسمی 36ـەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە کرابوون، بەڵام تەنیا حەمەی حەمە سەعید، وەزیری رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمەکەدا بەشدار بوو.
ئازاد تۆفیق لەوبارەوە گوتی، "بەرپرسانی هەرێمی کوردستان خۆیان خاوەن خەمی هەڵەبجەن، بۆ ئێمە جێگەی شانازییە کە بێن و تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری شەهیدان دابنێن، بەڵام بەشدارییش نەکەن ئێمە هەر لە خۆمانیان دەزانین."
پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش کرد، مەسەلەی کیمیابارانی هەڵەبجە، لە باوەڕی هەر تاکێکی هەڵەبجەیی و کورددا بە زیندوویی دەمێنێتەوە و ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە دۆسیەی کیمیاباران بخاتە پرۆگرامی خوێندنەوە، بۆئەوەی لە باخچەی منداڵان و قوتابخانەکاندا بخوێندرێت.
رۆژی 16ی ئاداری 1988، شاری هەڵەبجە لەلایەن دەسەڵاتی ئەو کاتی عێراقەوە کیمیاباران کرا و لە ئەنجامدا نزیکەی پێنج هەزار هاونیشتمانی شەهیدبوون و زیاتر لە 10 هەزاری دیکە بریندار بوون. پارێزگاری هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، "ناساندنی زیاتری دۆسیەکە بە جیهان، ئەرکی حکومەتی عێراقی فیدراڵ، هەرێمی کوردستان و دەست و پەیوەندییەکانی کورد و حیزبە سیاسییە کوردستانییەکانە لە دەرەوە."
"عێراق کیمیابارانی هەڵەبجە بە خەمی خۆی نازانێت"
تاوەکو ئێستا کەسوکاری قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە قەرەبوو نەکراونەتەوە، وەکو ئازاد تۆفیق دەڵێت، "بەپێی دەستوور خاکی هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە عێراقی فیدراڵ و دەبێت حکومەتی عێراقیش هاوشێوەی بەسرە و ناسرییە، هەڵگری خەمی زاخۆ، ئاوێسەر، کیمیابارانی هەڵەبجە و بێسەروشوێنبوونی 8000 بارزانی و 180 هەزار ئەنفالکراو بێت."
پارێزگاری هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە حکومەتی نوێی عێراق بەپێی ئیرادەیەکی نوێ بیر بکاتەوە، "کەچی کیمیابارانی هەڵەبجە بە خەمی خۆی نازانێت، ئەگەر بە خەمی خۆی زانیبوایە، دەیکردە پارێزگا."
یەکلاکردنەوەی دۆسیەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، بە گوتەی ئازاد تۆفیق، لای حکومەتی فیدراڵیی عێراقە و دەبوایە سەرکۆنەی رژێمی پێشوو و قەرەبووی کەسوکاری قوربانیان کرابایەوە و 16ی ئاداریش بە رۆژێکی گرنگ لە مێژووی عێراقدا هەژمار کرابا.
تاوەکو ئەمڕۆ هەڵەبجە تەنیا لە هەرێمی کوردستان پارێزگایە. هەرچەندە پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 13-03-2023 پەسند کرا، بەڵام پەرلەمانی عێراق پەسندی نەکردووە.
بڕیاربوو 14-09-2023 لە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت، بەڵام ناکۆکیی سیاسیی لایەنە عێراقییەکان بوون بە هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەکە و تاوەکو ئەمڕۆ دەنگی لەسەر نەدراوە.
پارێزگاری هەڵەبجە دەڵیت، ئەگەر ناکۆکیش لە نێونا حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا هەبێت، دبوایە ساڵانە حکومەتی فیدراڵی بودجەی تایبەتی بۆ شارەکانی وەکو هەڵەبجە و نەجەف تەرخان کردبا؛ گوتیشی، "تاوەکو ئێستا جەگە لە یەک ملیار دینارەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران عێراق، یەک دیناریش لە بەغداوە بۆ هەڵەبجە نەهاتووە."
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە بۆنەی 36ـەمـین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، یەک ملیار دیناری بە دیاری بەخشیوەتە پارێزگای هەڵەبجە. وەک ئازاد تۆفیق گوتی، یەک ملیار دینارەکە خراوەتەوە سەر هەژماری بانکیی پارێزگای هەڵەبجە و ئێستا بەردەستە.
پارێزگاری هەڵەبجە باسی لەوەش کرد، "بڕیارە دیارییەکەی سەرۆکوەزیرانی عیراق بۆ دروستکردنی پڕۆژەی دەروازەی شار خەرج بکرێت و لە داهاتوویەکی نزیکدا و کەمتر لە یەک مانگی دیکە بەردی بناخەی دادەنرێت."
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە نزیکەی 130 هەزار کەسە؛ رووبەرەکەی 1599 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە و پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڕیاری بەقەزابوونی خورماڵی داوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ