لە هەڵەبجە بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.2 پلەی رێختەر روویدا

16-03-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.2 پلەی رێختەر لە پارێزگای هەڵەبجە روویدا و لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر و کەرکووک هەستیپێکرا.
 
بوومەلەرزەکە کاژێر 9:32ـی ئەمشەو پێنجشەممە، 16-03-2023، بووە. لە سلێمانی، هەولێر، کەرکووک، کەلار، پێنجوێن، خورماڵ و دووکان و چەند ناوچەیەکی دیکەیش هەستیپێکراوە.
 
فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، چەقی بوومەلەرزەکە "ناوەندی سەید سادق" بووە. دەشڵێت، دوای ئەو بوومەلەرزەیە هەشت پاشلەرزەی دیکە لە هەمان شوێن تۆمارکراون کە گوڕەکانیان لەنێوان 1.7 تاوەکو 2.00 پلەی رێختەر بووە.
 
هاوکات عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق رایگەیاند، بوومەلەرزەکە لە سنووری نێوان عێراق و ئێران بووە و جگە لە دهۆک لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و کەرکووکیش هەستیپێکراوە. دەشڵێت، "هێشتا نازانین زیانەکانی چین، بەڵام سەنتەری بوولەمەرزەکە لە ئێران بووە."

 

 
بوومەلەرزەکە لە پەخشی راستەوخۆی تۆڕی میدیایی رووداو دا لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە ئەمڕۆ لە سلێمانی پێشکێش کرا، بە روونی هەستیپێکرا و وەک لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، پێكێشکار و میوانی بەرنامەکە دەهەژێن.
 
 
دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی بوومەلەرزەکە دەڵێت، بە دووریی 22 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژھەڵاتی ھەڵەبجە روویداوە.
 
ژمارەیەک هاونیشتمانی لە شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ڤیدیۆی بوومەلەرزەکەیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ناردووە. لە ڤیدیۆیەکدا کە هاونیشتمانییەک لە هەڵەبجەی تازە ناردوویەتی، دەردەکەوێت کە چەند منداڵێک لە مزگەوتێکدان و بەهۆی بوومەلەرزەکەوە رادەکەنە دەرەوە.  

 

 
هەروەها لە ڤیدیۆیەکی دیکەیدا هاونیشتمانییەک لە دووکانێکی مۆبیلیان لە وارماوە کە خۆی ڤیدیۆکەی بۆ رووداو ناردووە، بەپەلە رادەکاتە دەرەوە و دەڵێت، "بوومەلەرزەکە زۆر بەهێز بوو".
 
هاونیشتمانییەکی دیکەش لە تەکیەی کاکەمەند لە سنووری چەمچەماڵ ڤیدیۆیەکی ناردووە و دەردەکەوێت کە پانکەی ژوورێک بەهۆی بوومەلەرزەوە دەهەژێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە