رووداو - دهۆک
کاژێر 08:40 خولەکی شەوی 15-03-2023 هێلیکۆپتەرێک لە گوندی بێرکیان لە ناحیەی چەمانکێ لە سنووری دهۆک کەوتەخوارەوە و بەهۆیەوە حەوت کەس گیانیان لەدەستدا.
هێلیکۆپتەرەکە لە نزیک کەمپی یەکێک لە کۆمپانیاکانی نەوت کەوتەخوارەوە و ترس و دڵەڕاوکێی لای خەڵکی گوندی بێرکیان دروستکرد؛ چونکە یەکەم جارە رووداوی لەو شێوەیە لەو سنوورە دەبینن.
عەبدوڵڵا عوسمان، دانیشتووی گوندەکە دەڵێت، "لەکاتی رووداوەکە سێ بۆ چوار خێزان لە گوندەکەدا بوون، جێگەی مەترسی بوو، بەڵام سوپاس بۆ خودا خەڵکی گوند نەبوونە قوربانی. ئەو جێگەی هێلیکۆپتەرەکەی لێ کەوتەخوارەوە 50 مەتر لە دووریی گۆڕەپانەکە بوو، کەس هیچی لێنەهات."
دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان لەسەر رووداوەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییان بە حکومەتی عێراق و هاوپەیمانان و حکومەتی تورکیاوە کردووە لەبارەی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەوە، بەڵام لە وەڵامدا رایانگەیاندووە کە هێلیکۆپتەرەکە هی ئەوان نییە."
لەو راگەیێندراوەدا ئاماژە بەوەش کراوە، "هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە بەدواداچوون لەو بارەوە کرد و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئەوەیان ئاشکرا کرد، کە هێلیکۆپتەرەکە لە جۆری Eurocopter AS350 بووە و چەند سەرنشینێک لەوانەی گیانیان لەدەست داوە چەکدارانی پەکەکە بوون، بەدواداچوونیش لەو بارەوە بەردەوامیی دەبێت تاوەکو زانیاریی تەواو لەسەر هێلیکۆپتەرەکە کۆبکەنەوە کە سەر بە چ لایەنێک بووە."
لیوا ئەحمەد عارف، شارەزای سەربازی دەڵێت، هێلیکۆپتەرەکە هەر لە ناوخۆی عێراقدایە و لە دەرەوە نەهاتووە، "ئەم قسانەم لەسەر خۆم دەکەمە ماڵ و مەحاڵە ئەو هێلیکۆپتەرە لە دەرەوە هاتبێت. دەوڵەتی زلهێزی وەکو تورکیا یان ئێران لەم دۆخەی کەشوهەوادا خۆیان دەرناخەن؛ کەشوهەوا زۆر سەخت بوو و دەوڵەتانی زلهێز فڕۆکە [هێلیکۆپتەر] نافڕێنن تاوەکو نەزانن کەشوهەوا چۆنە."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، حەوت کەس لەنێو هێلیکۆپتەرەکەدا بوون کە سێ ژن و چوار پیاو بوون و سەرجەمیان گیانیان لەدەستداوە. لەسەر ئاستی جیاوازیش لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە دەکرێت.
ئیدریس هەرکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک دەڵێت، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئەو کەسانەی لەو سنوورە دەژین و بە چاوی خۆیان رووداوەکەیان بینیوە، بەدواداچوون دەکەن بۆئەوەی بگەنە ئەنجامێکی باش.
تەرمی قوربانییەکان گواستراونەتەوە بۆ داد پزیشکیی دهۆک، بەڵام تاوەکو ئێستا ناسنامەیان ئاشکرا نەکراوە و لەژێر لێکۆڵینەوەدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ