کڕینی کتێب و خوێندنەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کەمبووەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

مامۆستای خانەنشین، عەزیز حەسەنی زیاتر لە 15 ساڵ بەڕێوەبەری کتێب فرۆشییەک بووە لە نێوشاری بانە، بەڵام بەهۆی کەمبوونەوەی کڕیاری کتێب ناچار بووە واز لە پیشەکەی بهێنێت. ئەوە لە کاتێکدایە کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کڕین و خوێندنەوەی کتێب کەمی کردووە.
 
عەزیز حەسەنی دەڵێت، "گەورەترین گرفت گرفتی ئابوورییە کە ئەمڕۆ بەرۆکی زۆرێک لە خەڵکی گرتووە چ بۆ خوێندنەوە چ بۆ کاری فەرهەنگی کە بیانەوێت لەو بوارانەدا کار بکەن. ئەم کتێبفرۆشییەی ئێمە کە زیاتر لە 30 ساڵە کاری دەکرد، بەهۆی دۆخی ئابوورییەوە دواجار دامانخست."
 
خراپیی دۆخی ئابووری کاریگەریی زۆری لەسەر کڕینی کتێب و خوێندنەوە داناوە، بەڵام تەنیا هۆکاری دابەزینی رێژەی خوێندنەوە نییە. سەرقاڵبوون بە ژیان، گرنگیدان بە بابەتی دیکە، سۆشیاڵ میدیا و زۆر بابەتی دیکە هۆکارن بۆ کەمبوونەوەی خوێندنەوە. 
پەرەسەندنی کتێبخانەی دیجیتاڵ و بەرزبوونەوەی نرخی کتێبیش، کاریگەریی زیاتریان لەسەر کەمبوونەوەی رێژەی فرۆشتنی کتێبی چاپکراو داناوە. لە یەکساڵی رابردوودا، نرخی کتێب لانیکەم 40٪ بەرز بووەتەوە.
 
خوێندنەوەی ئەو کتێبانەی وانەی قوتابخانە نین، لەنێو خوێندکارانیشدا زۆر نییە. ژمارەی ئەو قوتابییانەی کاتی بەتاڵیان بە کتێب خوێندنەوە پڕ دەکەنەوە، زۆر نییە، چونکە وەکو قوتابییان دەڵێن، سیستمی پەروەردە هاندەریان نییە بۆ خوێندنەوە.
 
بەشێک لە هاونیشتمانییان کەمبوونەوەی کتێب خوێندنەوە بە خەسارێکی گەورە دەزانن، بۆیە دەیانەوێ ئەوەندەی بۆیان دەکرێ، رێگری لێ بکەن. 
 
بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی دامەزراوە فەرمییەکانی ئێران، ساڵی رابردوو زیاتر لە 45٪ـی دانیشتووانی ئەو وڵاتە هیچ کتێبێکیان نەخوێندووەتەوە. ئەوانەشی خوێندوویانەتەوە، بە شێوەیەکی مامناوەند مانگانە شەش کاژێر و 32 خولەک کتێبیان خوێندووەتەوە.