رووداو دیجیتاڵ
تەنیا لە چەند کاژێری رابردوودا لە شارەکانی هەرێمی کوردستان پێنج کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەیش بریندار بوون، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم 23 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16-03-2023، لە کاتی گەڕانەوەیاندا لە هەولێرەوە بۆ سلێمانی، ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە کە چوار ئەفسەری تێدا بووە، لە رێگەی دووکان - سلێمانی وەرگەڕا و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و سێ کەسی دیکەیش بریندار بوون.
ئەو ئەفسەرەی کە گیانی لەدەستداوە پلەکەی نەقیب بووە. نزار جەزا، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند، تەمەنی 40 ساڵ بووە و دوو منداڵی لە دوای خۆی بەجێهێشت. لەبارەی ئەو سێ ئەفسەرەی دیکەوە پەیامنێری رووداو گوتی، برینەکانیان سەختە و لە نەخۆشخانە چارەسەری تەندروستی وەردەگرن.
هاوکات هەر ئەمڕۆ لە کاتی گەڕانەوەیاندا لە سلێمانی، لە رووداوێکی هاتووچۆدا پێنج هاونیشتمانیی خەڵکی دهۆک لە رێگەی دووکان - هەولێر بریندار بوون کە پیاوێک و دوو ژن و دوو منداڵی تێدا بوون.
تەنیا ئەمڕۆ لە سنووری کەرکووک 10 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە رێگەی کەرکووک - پردێ رووداوێکی هاتووچۆ روویدا، ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر کە باوک و کوڕێکی تێدابووە، خۆی کێشاوە بە بەربەستێکدا و بەهۆیەوە هەردووکیان گیانیان لەدەستدا.
پەیامنێری رووداو دەڵێت، لە 9 رووداوە هاتووچۆکەی دیکەدا کە لە ناوچە جیاوازەکانی شارەکەدا روویانداوە دوو کەس بریندار بوون.
لە دهۆک دوو کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە رێگەی نێوان بەردەڕەش - کەڵەک لە نزیک گوندی دووسەرە بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە کەسێک گیانی لەدەستدا.
هاوکات هەر ئەمڕۆ پێجشەممە لە رێگەی دهۆک - شێخان لە نزیک گوندی مامزدینا لە رووداوێکی دیکەی هاتووچۆدا کەسێک گیانی لەدەستدا و پێنج کەسی دیکەیش بریندار بوون. ئازاد تەها، گوتەبێژی هاتووچۆی دهۆک رایگەیاند، رووداوەکە لە نێوان دوو ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی توێتار کرۆلا و توێتا کامری بووە و لە جۆری لێکدان بووە.
لە هەولێر گیانلەدەستدان نەبووە
لە رووداوێکی دیکەی هاتووچۆدا و لە رێگەی هەولێر - دهۆک لە نزیک گوندی شاخۆلان کە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت روویدا، کەسێک بریندار بوو. فازڵ حاجی، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر بە رووداوی گوت، لە رووداوێکی دیکەی هاتووچۆدا لە رێگەی قوشتەپە کەسێکی دیکە بریندار بوو، بەڵام ئەمڕۆ گیانلەدەستدان بە رووداوی هاتووچۆ لە سنوورەکەیان تۆمار نەکراوە.
لە نیوەڕۆی دوێنێ چوارشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، وەکو بەرپرسانی هاتووچۆی شارەکان باسی دەکەن، بەشی زۆری رووداوەکانی هاتووچۆ بەهۆی ئەوەوەیە کە بەشێک لە شۆفێران پابەندی رێنماییەکانی هاتووچۆ نابن بە تایبەت لە کاتی بارانباریندا کە دەبێ شۆفێران زیاتر چاوکراوەبن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە سەرەتای ئەم مانگەوە تاوەکو ئەمڕۆ لانیکەم 22 کەس لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و زیاتر 80 کەسی دیکەیش بریندار بوون.
🔴ڤیدیۆی رووداوێکی دیکەی هاتووچۆ لە رێگەی سلێمانی - دووکان؛ منداڵێک هاوار دەکات "بابە بابە"
— Rudaw (@Rudawkurdish) March 16, 2023
ئۆتۆمبێلەکە پێنج کەسی خێزانێکی تێدابووە، پیاوێک، دوو ژن و دوو منداڵ و بەڕێکراون بۆ نەخۆشخانە.
ڤیدیۆ؛ جێگیر عەبدوڵڵا - رووداو pic.twitter.com/4JpeFadF5e
ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویاندابوو؛ دوو هەزار و 909 رووداو بەهۆی پێکدادانی ئۆتۆمبێلەوە بوو، 773 رووداوی وەرگەڕان و 438 رووداوی شێلانیش هەبوون، لە ئەنجامیاندا 445 کەس گیانیان لەدەستدا کە لەو ژمارەیە 78یان ئافرەت بوون، هەروەها حەوت هەزار و 250 کەسیش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ