چوار پیاو و سێ ژن لەنێو هەلیکۆپتەرە سەربازییەکەدا گیانیان لەدەستداوە

16-03-2023
ناسر عەلی
A+ A-
 رووداو دیجیتاڵ 

ئەو هەلیکۆپتەرە سەربازییەی شەوی رابردوو لە گوندى (بێرکیاتێ) لە سنوورى شارۆچکەی چەمانکێ لە قەزای ئامێدی پارێزگای دهۆک کەوتە خوارەوە، ژمارەى ئەو کەسانەى تێیدا گیانیان لەدەستداوە حەوت کەسن، کە چوار پیاو و سێ ژنن.
 
سەرچاوەیەکى سەربازى بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەپێی لێکوڵینەوە سەرەتایىەکان تائێستا دیار نییە ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە کێن و سەر بە کێن"، بەڵام گوتی "حەوت کەسەکە هەموویان لە تەمەنى گەنجیدان، وەک دیارە تەمەنیان لەنێوان 25 بۆ 45 ساڵ دایە، لاشەکان بە سەربازی دەچن، پرچیان کورتە و لاشەکان بە کەسى وەزرشکار و سەرباز دەچن".
 
سەبارەت بە تەرمی ئەو حەوت کەسەی کە گیانیان لەدەستداوە، ئەو سەرچاوەیە رایگەیاند تەرمەکان ئێستا لەلاى هێزەکانى پێشمەرگە و دەزگا ئەمنىیەکانی ناوچەکەن، پاشماوى فڕۆکەکەش هەر لە شەوى رابردووەوە هەمووى هەڵگیراوە و بۆ شوێنێکى تایبەت گوازراوەتەوە.
 
نایف رەمەزان، پەیامنێری رووداو شەوی رابردوو لە نزیک شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، هەلیکۆپتەرەکە لە بناری چیای بێخێرێ کەوتووەتە خوارەوە کە بەردەوام شەڕی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزەکانی تورکیا لەو ناوچەیەدا هەیە.
 
هەر شەوی رابردوو وەزارەتی بەرگریی تورکیا رەتیکردەوە هیچ هەلیکۆپتەرێکی وڵاتەکەی لە خاکی هەرێمی کوردستان کەوتبێتە خوارەوە.
 
هەلیکۆپتەرەکە کاژێر 09:20ی چوارشەممە 15-03-2023 لە نزیک گوندی بێرکیاتی لە سنووری چەمانکێ لە قەزای ئامێدی کەوتەخوارەوە. چەند هاونیشتمانییەک هەر ئەوکات ڤیدیۆیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نارد، کە تێیدا دەردەکەوێت ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە.
 
پەیامنێری رووداو گوتی دوای کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکە، دەنگی "تەقینەوە" بیستراوە کە گومان دەکرێت ئەو تەقەمەنییانە بووبن کە هەلکۆپتەرەکە هەڵیگرتوون.
 
هەلیکۆپتەرەکە بە دووریی 50 مەتر لە کۆمپانیایەکی نەوت کەوتووەتە خوارەوە. هەڤاڵ محەممەد، شاهێدحاڵی رووداوەکە و یەکێک لە کارمەندانی کۆمپانیاکە بە رووداوی گوت، دوو هەلیکۆپتەر لەو ناوچەیە دەسووڕانەوە، یەکێک لەوان تێکشکا و دووجار سووڕایەوە، دواتر کەوتەخوارەوە و ئاگری گرت. 
 
دژە تیرۆرى کوردستان، لە لاپەڕەکەی لە فەیسبووک دا بڵاویکردەوە "لایەنە پەیوەندیدارەکانى هەرێمى کوردستان پەیوەندییان بە حکوتى عێراق و هاوپەیمانان و حکومەتی تورکیاوە کردووە لە بارەیى کەوتنەخوارەوەى هەلیکوپتەرەکە، بەڵام لە وەڵامدا رایانگەیاندووە کە هەلیکۆپتەرەکە هى ئەوان نییە".
 
هەروەها دژە تیرۆری کوردستان دەڵێ "هەلیکۆپتەرەکە لە جۆری Eurocopter AS350 بووە و چەند سەرنشینێک لەوانەی گیانیان لەدەستداوە چەکدارانی پەکەکە بوون، بەدواداچوونیش لەوبارەوە بەردەوام دەبێت تاوەکو زانیاری تەواو لەسەر هەلیکۆپتەرەکە کۆبکەنەوە کە سەر بە چ لایەنێک بووە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە