رووداو دیجیتاڵ
لە ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی ئامادەکاری بۆ لە سێدارەدانی سێ کەس کە تاوانبار بوون بە کوشتنی دوو کەس، بڕیارەکە بەهۆی لێخۆشبوونی بنەماڵەی قوربانییەکە هەڵوەشایەوە و ئەو تاوانبارانە ئازاد دەکرێن.
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 16-03-2022 لە گرتووخانەی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئامادەکاری کۆتایی کرابوو بۆ لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوانە کە 33 ساڵە لە زیندان بوون، بەڵام بە هەوڵی ریشسپیی و چالاکڤانانی شاری ورمێ، بنەماڵەی قوربانییەکان لێیان خۆشبوون و لە دواساتەکاندا ژیانی ئەو سێ کەسە رزگار کرا و ئازاد دەکرێن.
یەکێک لە پارێزەرانی ئەو کەیسە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو کێشەیە لە گوندی ماوانەی سەر بە ناوچەی تەڕگەوەڕی ورمێ روویداوە، دوو کەس کوژران کە یەکێکیان لە بنەماڵەی ناسراوی رەشید بەگی جەهانگیری بوو.
ئەو پارێزەرە باسی لەوەش کرد، سێ کەس وەکو تاوانباری ئەو کوشتنە گیران و 33 ساڵ بوو لە گرتووخانەی ورمێدابوون، بڕیاربوو ئەم بەیانییە لەسێدارە بدرێن، بەڵام لە دواساتەکاندا بنەماڵەی قوربانییەکان لێیان خۆشبوون.
دوای لێخۆشبوونەکە، هەر یەک لە عوسمان سەحرایی، سەعید ئارمەند و جەعفەر ئیسماعیلی ئازاد دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ