رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان داوای لە پارێزگاری هەولێر کردووە، کە چەند بەنزینخانەیەک تایبەت بکەن بە دابەشکردنی بەنزین بەسەر پاس و تەکسییەکانی هەولێر، پارێزگاری هەولێریش بە رووداوی راگەیاند، بڕیار لەو بارەوە دەدەن و ئەمڕۆ کاژێر شەشی ئێوارە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیان دەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی ئاداری 2022، لیزا فەلەکەدین سابیر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، داوای لە پارێزگاری هەولێر کردووە دوو بەنزینخانە بۆ تەکسییەکانی شاری هەولێر و یەکێک بۆ پاسەکان تەرخان بکەن، بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر لە نۆرەی وەرگرتنی بەنزین نەمێننەوە.
لە بارەی پێشنیازەکەی، لیزا فەلەکەدین گوتی: "تەکسی و پاسەکان لەبەر ئەوەی ماوەیەکی زۆر لە نۆرە دەمێننەوە، نرخی هاتووچۆیان لەسەر هاونیشتیمانیان زیاتر کردووە، ئەوەش بووەتە هۆی بارگرانی بەسەریانەوە."
بە گوتەی لیزا فەلەکەدین، 40 هەزار تەکسی لە نێو شاری هەولێر هەیە و 15 بەنزینخانە کە بۆ فرۆشتنی بەنزینی نۆرماڵی عێراقی بە نرخی 690 دینار تەرخانکراوە، بۆ ئەوەی رێگە لە بەرزبوونەوەی نرخی گواستنەوە بکرێت، پێویستە بەنزینخانەکان جیابکرێنەوە.
سەبارەت بە وەڵامی پارێزگاری هەولێر بۆ پێشنیازەکەی، لیزا فەلەکەدین گوتی: "گفتوگۆم لەگەڵ ئۆمێد خۆشناو کردووە و بڕیادراوە کە لە کۆبوونەوەیەکی نزیکی ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بڕیاری گرنگ لەو بارەوە بدرێت، لەگەڵ چەند بڕیارێکی دیکە، کە لە بەرژەوەندیی هاونیشتیمانیانە."
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەو بارەوە بە رووداوی راگەیاند، کاژێر 06:00 ئێوارەی ئەمڕۆ کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی دەبێت و رێکارەکانی پارێزگا ئاشکرادەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ