جووتیار عادل: ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی درێژە بە گفتوگۆکانی بدات لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و لایەنەکان، سەردانی بەغدا دەکات.
 
د. جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یادی 33 ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و راگەیاند، "ئومێدەوارین ئەو پرۆژەیە [پرۆژەیاسای بودجە] هەنگاوێک بێت بۆ بونیادنانەوەی متمانە لەنێوان هەردوولا. ئەمەش هەنگاوێکە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی داهاتوو لەگەڵ حکومەتی عێراق."
 
شاندەکە هەمان شاندی پێشوو دەبێت بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی دەچێتەوە بەغدا. 
 
رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو پرسیاری لە گوتەبێژی حکومەت کرد، لە چوارچێوەی بودجەی 2021ـی هەرێمی کوردستان چۆن مامەڵە لەگەڵ پشکی هەڵەبجە کراوە؟ جووتیار عادل گوتی، "نیگەرانین و دەبووایە باشتر خزمەت بە شاری هەڵەبجە بکرێت، ئەوەش لەبەرچاوگیراوە."
 
لەبارەی ئەو پلانەی پارێزگای هەڵەبجە ئامادەی کردووە، بۆ جێگیرکردنی لە بودجەی ساڵی 2021، جووتیار عادل گوتی، "پەسندی دەکەین."
 
ئەمڕۆ 33 ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا تێدەپەڕێت، جووتیار عادل گوتی، "تەنیا بە یادکردنەوەی ئەو یادە خەمناکە برینەکان ساڕێژ ناکات، ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان کابینەی نۆیەم لە سەرەتاوە پلانێکی تۆکمەمان داناوە بۆ پێشکەشکردنی کۆمەڵێک لە خزمەتگوزاری بۆ شاری هەڵەبجە، لە چەند رۆژی رابردووش جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 30 ملیار دیناری تەرخانکرد بۆ کۆمەڵێک لە پرۆژە لە شاری هەڵەبجەی شەهید و هەڵەبجەی نوێ."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گوتەی جووتیار عادل، بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەی ئەنجامدانی پرۆژە بەبێ جیاوازی لە سەرجەم ناوچە، شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، گوتی، "بێگومان هەڵەبجەش تایبەتمەندی خۆی هەیە. لە ئاییندەکەی نزیکیشدا کۆمەڵێک لە پرۆژەی دیکە بۆ هەڵەبجە پەسند دەکەین."