باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق بەیاننامەیەك لەسەر هەڵەبجە بڵاودەكاتەوە

رووداو- هەولێر

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق بەناوی ئیدارەی واشنتن بەیاننامەیەك لەیادی  26 ساڵەی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە لە لایەن رژێمی سەددام حوسێنەوە بڵاودەكاتەوە.

بەیاننامەكە كیمیابارانكردنی هەڵەبجە بە كۆمەڵكوژی ناودەبات و هاوخەمی خۆی بۆ قوربانیان دەردەبڕێت.

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق لە بەیاننامەكەدا دەڵێت، دڵنیایی دەدەین كە "كارێكی وەحشیگەری لەمجۆرە دووبارە نابێتەوە".

هەروەها لە بەیاننامەكەدا ئەوەش هاتووە، لەو رۆژەدا ئەمریكا پابەندبوونی خۆی بە دیموكراسی و یەكگرتوویی خاكی عێراق دووپاتدەكاتەوە.

دەقی بەیاننامەكە:

ئەمڕۆ یادی 26 ساڵەی كوشتاری ترسناكی 5000 كەسی مەدەنی بێتاوانە لە پەلامارێكی كیمیاییدا لەلایەن رژێمی سەددام ح,سێن، بۆسەر شاری هەڵەبجەی كوردستانی عێراق. هەر لەو پەلامارەدا 10 هەزار كەسی دیكە تووشی كوێربوون و شێوان هاتن. ژمارەیەكی زیاتریش بەهۆی ماددە كیمیاییەكانی ناو ئەو چەكانەوە بەدەست نەخۆشیی درێژخایەنەوە دەناڵێنن.

بەم بۆنەیەوە، یادەوەری ئەو قوربانییە بێتاوانانە بەرز رادەگرین و بەڵێن دەدەین لەگەڵ سەرجەم گەلی عێراق و گەلی كورددا هاوشان بین بۆ بنیاتنانی عێراقێكی دیموكراسی، فیدراڵی، فرەڕەنگ و یەكگرتوو وەك ئەوەی لە دەستووری عێراقدا دیاریكراوە.

هەر لەم رۆژە خەمناكەدا، پابەندی خۆمان دووپاتدەكەینەوە بەوەی دڵنیایی بدەین كە كارەساتی لەوجۆرە هەرگیز لە خاكی دێرینی دوو رووبارەكەدا روونەدەنەوە، كە تێیدا چەندین سەدەیە عەرەب و كورد و توركمان و یەزیدی و شەبەك و سابیئەی مەندایی شانبەشانی یەك ژیاون.

نێردەی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە عێراق، بەناوی حكومەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە، لە دڵەوە پرسە و سەرەخۆشی دەگەیەنێتە خێزانی ئەوانەی تووشی ئەو ناخۆشییە هاتن، رێزمان بۆ یادی قوربانییەكان و هەروەها رزگاربووەكانیش هەیە.