دیار دێرسم لەبارەی پرسی کورد: تاکە چارەسەر، رێگەی برایەتیی سەرۆک ئاپۆیە

16-02-2025
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دیار دێرسم، هونەرمەندی کوردی باکووری کوردستان لەبارەی پرسی کوردەوە دەڵێت، ''تاکە چارەسەر، ئەو رێگەی برایەتییەیە کە سەرۆک ئاپۆ نیشانیداوە''.
 
دیار دێرسم، شەوی شەممە، 15ـی شوباتی 2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی کورد، نووسی، ''تاکە چارەسەر، ئەو رێگەی برایەتی و دیموکراسییەیە کە سەرۆک ئاپۆ نیشانیداوە''.
 
ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بەوە کردووە، کورد لە پێناو گەیشتن بە مافەکانی، هەوڵی زۆری داوە، ''بەبەختترین گەلی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن. چونکە خاوەنی بیری پێشڕەویێتی هاوچەرخن. بەردەوام لە خۆ نوێکردنەوە دایە''.
 
دیار دێرسم کێیە؟
 
هونەرمەندێکی کوردە، لە یەکی کانوونی یەکەمی 1966 لە پارێزگەی دێرسمی باکووری کوردستان لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لە پارێزگەی خارپێتی باکووری کوردستان بووە، قۆناخی ناوەندی و ئامادەییشی لە پارێزگەی چەولیگی باکووری کوردستان تەواو کردووە. لەگەڵ هونەرمەند، دەنیز دەمان ژیانی هاوژینیی پێکهێناوە.
 
زۆربەی گۆرانییەکانی بەشێوەی کوردیی کورمانجین و زیاتر لەبارەی کورد و کوردستانە. یەکەمین ئەلبوومی بە ناوی بلبلۆ لە ساڵی 1988 تۆمارکردووە و هەر لەڕێگەی ئەم ئەلبوومەوەش ناسرا. بەشێک لە ئەلبوومەکانی ئەمانەن؛ بلبلۆ، کەروان، جەنگا ژینێ، وەی دنیایێ، تینا رۆژێ، گولێ نەچە، ئۆخر بە ئوغور، ناترسم، دەما ئازادی، ئاخ و دایک و کەلا دمدمێ.
 
لە ساڵی 1988ەوە لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا دەژیێت. دوای 16 ساڵ ژیان لە ئەڵمانیا، ساڵی 2004 گەڕایەوە تورکیا و لە رۆژانی نەورۆزدا لە ئامەدی باکووری کوردستان کۆنسێرتێکی پێشکێشکرد. پاشان دیسانەوە بۆ ئەڵمانیا گەڕایەوە.
 
هەروەها لە دوو فیلمی سینەمایی بە ناوەکانی (دۆز) و (رەچ)دا رۆڵی بینیوە.
 
گفتوگۆکان لەبارەی پرسی کورد لە تورکیا چۆن دەستیانپێکرد؟
 
دەوڵەت باخچەلی رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی 2024 تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد؛ رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد بچێتە "پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت: تیرۆر کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە،" دواتر داوای کرد، شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان لە ئیمراڵی بکات.
 
شاندی دەم پارتی رۆژی 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبووەوە. رۆژی دواتر شاندەکە پەیامێکی لەسەر زاری ئۆجەلان بڵاوکردەوە، تێیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردەوە.
 
دوای ئەوە شاندەکە سەردانی بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی پەرلەمانی تورکیای کرد و لەگەڵیان کۆبووەوە.
 
شاندی دەم پارتی بۆ جاری دووەم لە 22-01-2025 سەردانی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەوە؛ دواتر پەیامێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "کارەکانی بەڕێز ئۆجەلان لەبارەی پرۆسەکە بەردەوام دەبێت. دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، پەیام بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە."
 
چاوەڕوان دەکرێت لەم مانگەدا عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێک لەبارەی پرسی کورد بڵاوبکاتەوە.
 
شاندی دەم پارتی رۆژی یەکشەممە، 16ی شوباتی 2025 لە پیرمام لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوونەوە. شاندەکە رایگەیاند، سبەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و دواتریش دەچێتە سلێمانی، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە