رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری ناحیەی وەرتێ، ئەمڕۆ نەوتی ماڵان دابەش دەکرێت. سەرۆکی لیژنەی سووتەمەنی ناحیەکەش دەڵێت: "بڕەکەی 100 لیترە و نرخەکەشی 32 هەزار دینارە."
ئەمڕۆ یەکشەممە 16ـی دووی 2025، سەربەست ئەحمەد مستەفا، سەرۆکی لیژنەی سووتەمەنی ناحیەی وەرتێ بە رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا نەوتەکە نەگەیشتووە و بڕیارە ئەمڕۆ بگات. لەگەڵ گەیشتنی بەسەر هاونیشتمانییانی سنوورەکە دابەش دەکرێت."
لیژنەی سووتەمەنی ناحیەی وەرتێ لە ئاگادارییەکدا رایگەیاند، یەکشەممە دەست بەدابەشکردنی 100 لیتر نەوت دەکرێت کە بەشێکی حکومەتی عێراق دەینێرێت؛ نەوتەکە لە سەنتەری ناحیە و گوندەکانی دەرگەڵە، کەڵێتە، سەرنەوس و خانەقا دابەش دەکرێت.
سەرۆکی لیژنەی سووتەمەنی ناحیەی وەرتێ دەڵێت: "هەر خێزانێک 100 لیتر نەوتی پێدەدرێت و لە بەرامبەردا 30 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت و دەبێت دوو هەزار دیناریش بدەن بۆ کرێی گواستنەوەی نەوتەکە بۆ بەردەم ماڵەکانیان."
28-11-2024، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق کۆبوونەوە و باسیان لە بەشە سووتەمەنیی هەرێمی کوردستان کرد.
عێراق بڕیاریداوە 50 ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت. 16ـی کانوونی دووەمی 2025 وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "یەکەم کاروانی نەوتی ماڵان لە عێراقەوە گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان."
هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە زیاتر لە 268 ملیۆن لیتر نەوتە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 250 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر زیاتر لە ملیۆنێک خێزان دابەشکراوە کە دەکاتە 88%.
لە هەرێمی کوردستان نرخی یەک بەرمیل نەوت بە شێوەی پاڵپشتیکراوی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە 104 هەزار دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ