رووداو دیجیتاڵ
شاندی ئیمراڵی لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی رایگەیاند "سەرۆک بارزانی پشتگیریی لە پرۆسەی ئاشتی کرد و هەڵوێستەکەی جێگەی شانازی و دڵخۆشیمانە."
کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی دەبەپە لەدوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 16-2-2025)ـی شاندی ئیمراڵی لەگەڵ سەرۆک بارزانی لە پیرمام، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
هاوسەرۆکی دەبەپە گوتی "ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆبووینەوە؛ پەیام و سڵاوی بەڕێز ئۆجەلانمان پێی گەیاند."
هەروەها ماڵپەڕی فەرمیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ئەمڕۆ رایگەیاند شاندی ئیمراڵی لە پیرمام لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی کردووە.
شاندەکەی ئیمراڵی پێکهاتووە لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە وان، سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، گوڵجان کاچماز ساییغیت، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە وان، محەممەد کاماچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئامەد، کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (بەدەپە) و شاندێک لە پارێزەرانی ئۆجەلان.
کەسکین بایندر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا لەسەر قەڵای هەولێرەوە گوتی، "پێڤاژۆیەک لە باکووری کوردستان هەیە، لەبەرئەوە هەڵوێستی سەرۆک بارزانی و تێڕوانینی ئەو بۆ ئاشتی و چارەسەری زۆر گرنگە بۆ گەلی کورد و کوردستان."
کۆبوونەوەکەی سەرۆک بارزانی و شاندەکەی ئیمراڵی کاژێرێک و 45 خولەکی خایاندووە؛ شاندەکە سەبارەت بە دیدارەکانی پێشوویان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، زانیارییان بە سەرۆک بارزانی داوە.
ماڵپەڕی دەم پارتی هەروەها دەڵێت، سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا سەرنج، پێشنیاز و بۆچوونی خۆی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی بۆ شاندەکە خستووەتەڕوو.

کەسکین وردەکاریی زیاتری خستەڕوو و گوتی، سەرۆک بارزانی "پشتگیریی پێشخستنی پرۆسەی چارەسەری و ئاشتیی لەنێو کورداندا کرد، کە هەرچی لەدەستبێت (دەیکات). بە پشتگیرییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی، زۆر دڵخۆشین و جێگەی شانازیمانە."
شاندەکە سبەی (دووشەممە، 17ـی شوباتی 2025) لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، دواتریش دەچێتە سلێمانی و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
گفتوگۆکان لەبارەی پرسی کورد لە تورکیا چۆن دەستیانپێکرد؟
دەوڵەت باخچەلی رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی 2024 تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد؛ رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد بچێتە "پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت: تیرۆر کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە،" دواتر داوای کرد، شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان لە ئیمراڵی بکات.
شاندی دەم پارتی رۆژی 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبووەوە. رۆژی دواتر شاندەکە پەیامێکی لەسەر زاری ئۆجەلان بڵاوکردەوە، تێیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردەوە.
دوای ئەوە؛ شاندەکە سەردانی بەشێکی پارتە سیاسییەکانی پەرلەمانی تورکیای کرد و لەگەڵیان دا کۆبووەوە.
شاندی دەم پارتی بۆ جاری دووەم لە 22-01-2025 سەردانی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەوە؛ دواتر پەیامێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "کارەکانی بەڕێز ئۆجەلان لەبارەی پرۆسەکە بەردەوام دەبێت. دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، پەیام بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ