لە 10 مانگدا 762 هەزار کەس لە دەروازەی حاجی ئۆمەران گەشتیان کردووە

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی تەمەرچین لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە 10 مانگی رابردوودا زیاتر لە 762 هەزار کەس لە رێگەی دەروازەی سنووریی تەمەرچین - حاجی ئۆمەرانەوە گەشتیان کردووە، هەروەها زیاتر لە 82 هەزار بارهەڵگر لەو دەروازە سنوورییەوە باریان گواستووەتەوە.
 
محەممەد رەزایی، بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی تەمەرچین، ئەمرۆ پێنجشەممە رایگەیاند، هاتووچۆی گەشتیار و بار‌هەڵگرەکان، هەروەها گواستنەوەی بار بە شێوەی ترانزێت لە رێگەی دەروازەی سنووریی تەمەرچین - حاجی ئۆمەرانەوە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
 
رەزایی گوتی، لە ماوەی 10 مانگدا 762 هەزار و 457 کەس لەو دەروازە سنوورییەوە هاتووچۆیان کردووە، کە بەراورد بە ساڵی پار ٪33.94 زیادیکردووە. بە گوتەی رەزایی، ساڵی پار  569 هەزار کەس لە سنووری تەمەرچین-حاجی ئۆمەرانەوە هاتووچۆیان کردووە.
 
سەبارەت بە هاتووچۆی پاسەکان، بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی تەمەرچین دەڵێت، لە 10 مانگدا 8 هەزار و 954 پاس لە رێگەی ئەو دەروازە سنوورییەوە هاتووچۆیان کردووە کە بەراورد بە ساڵی رابردوو 21٪ کەمتر بووە.
 
ئاماژە بە گواستنەوەی بار لە لایەن بارهەڵگرەکانیش دەکات و دەڵێت: "هەر لەو ماوەیەدا 82 هەزار و 808 بارهەڵگر لە دەروازەی سنووریی تەمەرچین - حاجی ئۆمەران هاتووچۆیان کردووە کە بەراورد بە پار 27٪ زیاترە، بەو شێوەیە کە 42 هەزار و 77 بارهەڵگر لە ئێران دەرچوونە و 40 هەزار و 731 بارهەڵگریش هاتوونەتە نێو ئێران."
 
بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی تەمەرچین باسی بەرزبوونەوەی ئاماری ترانزیت لەو دەروازە سنوورییەش دەکات و دەڵێت، بەراورد بە پار ترانزیتی کەلوپەل بۆ دەرەوەی وڵات 406٪ و ترانزیت بۆ ناوخۆی ئێران 221٪ زیادی کردووە.
 
بە گوتەی محەممەد رەزایی، لەو 10 مانگەدا 16 هەزار و 220 بارهەڵگر کەلوپەل بە شێوەی ترانزیت لە رێگەی دەروازەی سنووریی تەمەرچین-حاجی ئۆمەرانەوە گوێزراوەتەوە، لە کاتێکدا ساڵی پار تەنیا 3 هەزار و 956 بارهەڵگر کەلوپەل لەو سنوورەوە ترانزیت کرابوو.