دلاوەر ئاژگەیی: هەندێک وڵاتی ئەوروپا هەست دەکەن دادگەی فیدراڵی دەیەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە برۆکسل دەڵێت، تاوەکو ئێستا یەکێتیی ئەوروپا، هەرێمی کوردستان بە هۆکاری دواکەوتنی هەڵبژاردن نازانێت. دەشڵێت، "بەشێک لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا هەست دەکەن دادگەی فیدراڵیی عێراق بە ئەنقەست نایەوێت هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بکرێت."
رۆژی هەینی 16ی شوباتی 2024 دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و رایگەیاند، "لە سەرەتای دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە یەک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکان کە بووەتە هۆی ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتیی هەرێمی کوردستان بکات، لەبەر ئەوە بووە هەرێمی کوردستانیان وەکو دوورگەیەک لە ناوچەکە دەبینی، کە دەرفەتی ئەوەی تێدایە دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و پێکەوەژیان تێیدا بەرەوپێش بڕوات."
لەبارەی دواکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دلاوەر ئاژگەیی گوتی، "بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردن بووە بابەتێکی کێشەلەسەر بۆ هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت دوای ئەوەی چەندین دانیشتنی دادگای فیدراڵی پەیوەست بە یاسای هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دواخران بۆئەوەی هەڵبژاردن نەکرێت، ئەوەش وەکو زەنگێکی مەترسیدارە لەڕووی نێودەوڵەتییەوە."
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا پێیوایە پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان تەنیا بەلای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە گرنگیی پێ نادرێت و دەڵێت، "هەموو جارێک لە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا ئەو پرسەمان لەگەڵ باس دەکەن."
وەکو ئاژگەیی ئاماژەی پێدەدات، "لە یەکێک لە کۆبوونەوەکان، بە فەرمی داوا لە عێراق کرا هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت" و دەشڵێت، "بەشێک لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا وا هەست دەکەن دادگای فیدراڵیی عێراق ئەم پرسەی بە سیاسی کردووە و بە ئەنقەست هەوڵ دەدات هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان نەکرێت."