دلاوەر ئاژگەیی: هەندێک وڵاتی ئەوروپا هەست دەکەن دادگەی فیدراڵی دەیەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکرێت

16-02-2024
هیدایەت جان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە برۆکسل دەڵێت، تاوەکو ئێستا یەکێتیی ئەوروپا، هەرێمی کوردستان بە هۆکاری دواکەوتنی هەڵبژاردن نازانێت. دەشڵێت، "بەشێک لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا هەست دەکەن دادگەی فیدراڵیی عێراق بە ئەنقەست نایەوێت هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بکرێت."
 
رۆژی هەینی 16ی شوباتی 2024 دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و رایگەیاند، "لە سەرەتای دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە یەک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکان کە بووەتە هۆی ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتیی هەرێمی کوردستان بکات، لەبەر ئەوە بووە هەرێمی کوردستانیان وەکو دوورگەیەک لە ناوچەکە دەبینی، کە دەرفەتی ئەوەی تێدایە دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و پێکەوەژیان تێیدا بەرەوپێش بڕوات."
 
لەبارەی دواکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دلاوەر ئاژگەیی گوتی، "بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردن بووە بابەتێکی کێشەلەسەر بۆ هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت دوای ئەوەی چەندین دانیشتنی دادگای فیدراڵی پەیوەست بە یاسای هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دواخران بۆئەوەی هەڵبژاردن نەکرێت، ئەوەش وەکو زەنگێکی مەترسیدارە لەڕووی نێودەوڵەتییەوە."
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا پێیوایە پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان تەنیا بەلای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە گرنگیی پێ نادرێت و دەڵێت، "هەموو جارێک لە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا ئەو پرسەمان لەگەڵ باس دەکەن."
 
وەکو ئاژگەیی ئاماژەی پێدەدات، "لە یەکێک لە کۆبوونەوەکان، بە فەرمی داوا لە عێراق کرا هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت" و دەشڵێت، "بەشێک لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا وا هەست دەکەن دادگای فیدراڵیی عێراق ئەم پرسەی بە سیاسی کردووە و بە ئەنقەست هەوڵ دەدات هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان نەکرێت."
 
 
بە گوتەی نوێنەرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "یەکێتی ئەوروپا گوشارێکی زۆریان خستووەتە سەر حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە نزیکترین کاتدا بەڕێوەبچێت."
 
دلاوەر ئاژگەیی دەشڵیت، "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە هۆکاری دواکەوتنی هەڵبژاردن نازانێت و ئاگاداری ئەوەشە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوو جار کاتی هەڵبژاردنی دیاریکردووە."
 
بڕیار بوو لە 25ـى شوباتى 2024، هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکرێت کە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بەڵام بەهۆى یەکلایی نەبوونەوەى سکاڵایەکەوە کێشە بۆ رێوشوێنەکانى کۆمیسیۆن دروستبووە کە چاوەڕێى یەکلاکردنەوەی سکاڵاکەیە.
 
سکاڵاکە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراوە. دادگەکە هەردوو سکاڵاى لەسەر هەمان بابەت یەکخستووە و کردوویەتییە یەک سکاڵا.
 
سکاڵاکارەکان تانەیان لە پێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان داوە کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، بازنەی هەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."