رووداو دیجیتاڵ
لە بەرزاییەکانی سنووری گوندی شیوەڕەش لە سنووری حاجی ئۆمەران هێزەکانی پاسەوانیی سنووری ئێران، تەقەیان لە دوو کۆڵبەری کوردیی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و برینداربوون.
رۆژی هەیینی، 16-02-2024، سەرچاوەیەکی ئەمنیی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو کۆڵبەرانە گوللـە بە قاچییان کەوتووە و لە ئێستا لە بەرزاییەکان هێنراونەتە خوارەوە رەوانەی نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێن، هەردووکیان برینەکانیان سەختن."
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداو، کاژێر 19:00 بە کاتی هەولێر رووداوەکە روویداوە.
عەبدولوەهاب مەحموود، بەڕێوەبەری کارگێڕی شارۆچکەی حاجی ئۆمەران بە رووداوی گوت، هەردوو کۆڵبەرەکە چارەسەریی سەرەتاییان بۆکراوە و "بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە" دواتر رەوانەی سۆران یان هەولێر دەکرێن.
رووداو زانیویێتی، ئەو دوو کۆڵبەرە خەڵکی پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستانن و بە ناوەکانی (ا. ع . ر) تەمەن 35 ساڵ و (س. ع . ر) تەمەن 25 ساڵ.
بریندارکردنی ئەو کۆڵبەرانە لە کاتێکدایە، شەوی 11-02-2024، هێزی پاسەوانیی سنووری ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانەی سەر بە پارێزگای سنە، بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک دەستڕێژی گوللـەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کرد، یەکێکیان بە ناوی سەیوان سەحیحی، کە تەمەنی 20 ساڵە گیانی لە دەستدا.
بەپێی راپۆرتی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ساڵی 2023دا لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا، لانیکەم 41 کۆڵبەر کوژراون و 293 کۆڵبەر دیکەش بریندار بوون.
بەپێی ئەو راپۆرتە ساڵی 2022یش 46 کۆڵبەر گیانیان لەدەستدابوو و244 کەسیش بریندار ببوون.
بەشێک لەو کۆڵبەرانە بە هۆکاری وەک تەقینەوەی مین، رووداوی هاتووچۆ، رەقبوونەوە، کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی چەند هۆکارێکی دیکە گیان لە دەستدەدەن و بریندار دەبن، بەڵام لەو راپۆرتەدا گوتراوە 85.5% کۆڵبەرەکان بە تەقەی هێزەکانی ئێران دەکوژرێن و بریندار دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ