لە سنە بەهۆی رۆچوونی زەوییەوە کارەبای زیاتر لە 90 گوند پچڕا

16-02-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای پارێزگای سنە رایگەیاند، رووچۆنی بەشێک لە زەویی ناوچەی سەقز بووەتە هۆی پچرانی کارەبای 93 گوندی ئەو پارێزگایە.
 
کوهسار رەسوولی تەبار، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای پارێزگای سنە ئەمڕۆ هەیینی، رایگەیاند، بەردەوامی بارانبارین لە ناوچەی سەقز بووەتە هۆی رووچۆنی زەوی لە زۆر شوێن کە بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە ستووونی کارەبا کەوتوون، لە ئەنجامدا کارەبای 93 گوندی سەر بە شارەکانی سەقز، مەریوان، بانە و دیواندەرە پچراوە.
 
کوهسار رەسوولی تەبار گوتی، لەو 93 گوندە، 70 گوند دەکەونە سنووری شاری سەقز، 13 گوند لە دیواندەرە، 5 گوند لە بانە و 5 گوندیش لە مەریوانن.
 
بە گوتەی رەسوولی تەبار، کارەبای ئەو گوندانە لە بەرەبەیانیی ئەمرۆ هەینییەوە پچراوە و تیمەکانیان گەیشتوونەتە ئەو ناوچانە بۆ ئەوەی بە زووترین کات کێشەی پچرانی کارەبای ئەو گوندانە چارەسەر بکەن.
 
بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای پارێزگای سنە دەشڵێت، بەهۆی رووچۆنی زەوی، 90 ستوونی کارەبا کەوتوون و فیدەرەکانی بەستام و مۆلان ئاوای سەقز، چڵ چەشمەی دیواندەرە، فیدەری رێگەی مەریوان- بانە و فیدەری چنارە - مەریوان بە تەواوەتی لەکارکەوتوون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە