ماڵی سەرۆکی پێشووی شارەوانیی سۆران سووتا و هاوژینەکەی گیانی لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە قەزای پیرمام ئاگر لە ماڵی سەرۆکی پێشووی شارەوانیی سۆران کەوتەوە، بەو هۆیەوە هاوژینەکەی گیانی لەدەستدا و خۆیشی بریندار بوو.
 
کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، رۆژی هەیینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کاژێر 10:19ـی شەوی رابردوو لە رووداوەکە ئاگادار کراونەتەوە و وێڕای هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، دوو برینداریان گەیاندووەتە نەخۆشخانە.
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو ماڵەی رووداوەکە تێیدا روویداوە، ماڵی ئەندازیار ئەمیر فاخیر ـە کە تاوەکو ساڵی 2019 سەرۆکی شارەوانیی قەزای سۆران بووە.
 
کاروان میراودەلی گوتی، لە رووداوەکەدا ئەمیر فاخیر و هاوژینەکەی برینداربوون، دوای گەیاندنیان بە نەخۆشخانە، ئەمڕۆ ژنەکە گیانی لەدەستداوە. هەروەها باسی لەوەشکرد، ئەمیر فاخیر، کە دەست و قاچی سووتاون، لە نەخۆشخانە چارەسەری بۆ دەکرێت.
 
کاروان میراودەلی گوتی، ئاگرەکە لە ژێرزەمینی ماڵەکەدا کەوتووەتەوە و دواتر تەشەنەی کردووە.
 
بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر بۆ رووداو، لە 11 مانگی ساڵی رابردوودا لە شاری هەولێر و دەوروبەری و قەزاکانی کۆیە و شەقڵاوە، هەزار و 961 رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون؛ 489 رووداو لە سەنتەری شار و هەزار و 472  لە دەوروبەری هەولێر.