بەهۆی نەبوونی ئاوەوە لە زانکۆی سلێمانی کرایە پشوو

 
رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی بوونی گرفتێک لە دابەشکردنی ئاوی سلێمانی، ماوەی دوو رۆژە کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی و بەشە نێوخۆییەکانی بێ ئاون؛ هەر بەو هۆیەوە ئەمڕۆ لە زانکۆکە کرایە پشوو.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-02-2023 د. پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ماوەی دوو رۆژە گرفتێک لە تۆڕی گواستنەوەی ئاو بۆ کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی دروستبووە، بۆریی گواستنەوەی ئاو شکاوە و تائێستا چارەسەر نەبووە، خوێندکاران لە دۆخێکی خراپدان و ئەگەر ئاو نەگاتە بەشە نێوخۆییەکان ئەوا سیستمی گەرمکەرەوەکان ئیش ناکەن.
 
ئاکام خەلیل، نوێنەری خوێندکاران بە رووداوی گوت، بەهۆی ئەو گرفتەوە نزیکەی 6000 خوێندکار بێ ئاو بوون. سەبارەت بە چارەسەری گرفتەکەش گوتی، "هەر دەڵێن ئەمڕۆ نا سبەی.. کە ئاو نەبێت ئێمە چۆن دەوامی زانکۆ بکەین؟"
 
بەهۆی ئەو گرفتەوە ئەمڕۆ لە زانکۆی سلێمانی کراوەتە پشوو، بەڵام ئاکام خەلیل دەڵێت، خوێندکاران درەنگ ئاگادار کرانەوە.
 
بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی بە رووداوی گوت، کێشەکەیان چارەسەر کردووە، "بۆریی گواستنەوەی ئاو لە چەند گەڕەکێکی نزیک کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی شکابوو، گرفتی نەبوونی ئاوی لە بەشە نێوخۆییەکان دروست کردبوو، ئێستا گرفتەکە چارەسەر کراوە."
 
بەڵام بە گوتەی نوێنەری خوێندکاران، بەشە نێوخۆییەکان هێشتا بێ ئاون. یاریدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانیش دەڵێت، "کۆگاکانی ئاوی بەشە نێوخۆییەکان پێنج کاژێریان پێویستە تاوەکو پڕ دەبنەوە." دەشڵێت، دوێنێ بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی ئاوی سلێمانی بەڵێنی پێداون ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، چونکە خەزانی بەشە نێوخۆییەکە پێنج کاژێری دەوێت بۆئەوەی پڕ ببێت.