وەزارەتی ناوخۆ مەرج بۆ پلەبەرزکردنەوە دیاری دەکات؛ ئەفسەرە قەڵەوەکان دەستیان بە وەرزش کردووە

16-02-2023
هونەر رەشید
تاقیکردنەوەیەکی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران لە دهۆک
تاقیکردنەوەیەکی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران لە دهۆک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بێهنام جەلال، ئەفسەرە لە بەشی لێکۆڵینەوەی پۆلیسی دهۆک و دەڵێت، ماوەیەکە دەستی بە وەرزش کردووە و 12 کیلۆی لە کێشی داناوە، بەڵام ئەو دەبێت 26 کیلۆی دیکەیش لە کێشی دابەزێنێت بۆ ئەوەی مانگی 7 پلەکەی بەرزبکرێتەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە لە هەرێمی کوردستان مەرج بۆ پلەبەرزکردنەوە دانراوە و یەکێک لەو مەرجانەش کێشی لەشە.
 
بێهنام جەلال، ئەفسەری لێکۆڵینەوە لە پۆلیسی دهۆک دەڵێت، "هەر ئەفسەرێک کێشی زیاد بێت پلەکەی بەرزناکرێتەوە، ئێمەش ناچار بووین بۆ ئەوەی پلەکانمان بەرزبکرێتەوە دەست بە وەرزش بکەین، ئێستا کێشم گونجاو نییە بۆ پلەبەرزکردنەوە و دەبێت تاوەکو مانگی 7 زیاتر کێشم دابەزێنم."
 
سمکۆ چیایی دێوالی، ئەفسەرە و دەستی بە وەرزش کردووە بۆئەوەی کێشی دابەزێنێت. لەنێو هۆڵێکی وەرزشییەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "ئەفسەرم لە پۆلیسی گومرک و پلەکەم موقەدەمە بۆ عەقید. 190 سانتیمەتر بەرزم و دەبێت 95 کیلۆ بم، بەڵام ئێستا کێشم 97 کیلۆیە و دەبێت چەند کیلۆیەکی دیکەیش لە کێشی لەشم دابەزێنم."
 
بۆ پلەبەرزکردنەوەی هەر ئەفسەرێک چوار خاڵ پێویستن؛ ئەوانیش کێشی لەش، پشکنینی تەندروستی، تاقیکردنەوەی ئاستی زاستی و پشگیریی بەڕێوەبەری ئەفسەرەکە.
 
عەمید فەخری ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆک بە رووداوی گوت، بۆ پلەبەرزکردنەوە دەبێت ئەفسەر ئەو مەرجانەی تێدا بێت کە بۆی دیاریکراوە، بە پێچەوانەوە پلەکەی بەرزناکرێتەوە و پێشتریش ئەفسەر هەبووە کە بەهۆی ئەوەی مەرجەکانی جێبەجێ نەکردووە، پلەکەی بەرزنەکراوەتەوە.
 
بەگوێرەی ئاماری پۆلیسی دهۆک، لە سەرانسەری پارێزگاکەدا 404 ئەفسەر هەن کە 8یان بەهۆی زۆریی کێشی لەشیان، پلەکانیان بەرزنەکراوەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە