رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای تێپەڕبوونی 10 رۆژ بەسەر بوومەلەرزەکەی 6ی شووبات، گەڕان بۆ رزگارکردنی هاووڵاتییان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکان بەردەوامە.
چەقی بوومەلەرزەکەی 6ی شووبات پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان بوو، بە هەزاران کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان هەزار کەسیش بریندار بوون. لە هەندێک لە پارێزگاکانی تورکیا و باکووری کوردستان گەڕان بۆ رزگارکردنی هاووڵاتییان لەژێر باڵەخانەکان کۆتایی پێهاتووە، بەڵام لە هەندێک ناوچەش بەردەوامە.
لە ئیسلاحیە باڵەخانەکان یان رووخاون یان مەترسیی داڕمانیان لەسەرە
پەیام سەربەست، نێردراوی رووداو بۆ شارۆچکەی ئیسلاحیەی پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان دەڵێت، "دوێنێ شەو کاژێر 01:30 خولەک بە تەواوی خەڵک هەستیان بە بوومەلەرزەیەک کرد و چەقی هەموو پاشلەرزەکان مەرەشە،" هەڵبەت دوای بوومەلەرزەکەی 6ی شووبات پاشلەرزەکان بەردەوامن. پەیام سەربەست دەڵێت، "لای هاووڵاتییان روودانی بوومەلەرزە شتێکی ئاساییە."
زیاتر لە 80%ی شارۆچکەی ئیسلاحیە زیانی بەرکەوتووە و هەموو باڵەخانەکان یان رووخاون یان مەترسیی داڕمانیان لەسەرە.
ئەو باڵەخانانەی مەترسیی رووخانیان لەسەرە و چۆڵکراون، لەلایەن حکومەتەوە دەڕووخێندرێن و تیمەکانی ئەمنیی تورکیا رێگە بە هیچ کەس نادەن بچنە ماڵەکانیان و لە باڵەخانەکان نزیک ببنەوە.
پەیام سەربەست ئاماژەی بەوە کرد، 98%ی پرۆسەی گەڕان لە ئیسلاحیە تەواو بووە و تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێن، "کارەکانمان لێرە بەرەو تەواوبوون دەڕوات."
یەکێک لە هاونیشتمانیانی شارۆچکەی ئیسلاحیە دەڵێت، "خواردن و شوێنی مانەوەمان کەمە، خێوەتمان نییە و ئاو دەستناکەوێت، چوار پێنج ماڵ لە خێوەتێکدا دەژین و لە هەر خێوەتێکدا نزیکەی 21 کەسی تێدایە."
بە گوتەی هاونیشتمانیان، لەلایەن حکومەت و رێکخراوەکانەوە هاوکاری دەکرێن، بەڵام ژمارەی زیانلێکەوتووان زۆرە و هاوکارییەکان بە رادەی پێویست نییە.
لە گشت هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕانی ئامەد، پرسە و سەرەخۆشییە
لە ئامەدی باکووری کوردستان، دەیان هەزار هاووڵاتی لە دەرەوەی باڵەخانەکان دەمێننەوە و ئەوانەی باڵەخانەکانیشیان نەڕووخاوە، ناوێرن بچنەوە ماڵەکانیان.
عەبدولسەلام ئاکنجی، پەیامنێری رووداو لە ئامەد دەڵێت، "ئەوانەی لە بوومەلەرزەکە گیانیان لەدەستدا، یەک بە یەک بەخاکدەسپێردرێن و زۆر شوێن کە پێشتر هۆڵی ئاهەنگگێڕان بوون، ئێستا پرسە و سەرەخۆشییان تێدا بەڕێوەدەچێت."
بە گوتەی پەیامنێرەکەی رووداو، لە پێنج باڵەخانەی رووخاودا کاری گەڕان بۆ رزگارکردنی هاووڵاتییان کۆتایی پێهاتووە و تەنیا لە یەک باڵەخانەدا گەڕان بەردەوامە، کە باڵەخانەیەکی زۆر گەورە بووە و دەگوترێت نزیکەی 30 کەس لەژێر ئەو باڵەخانەیەدا ماون.
زیاتر لە 380 کەس لە ئامەد گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 100 کەس لە نەخۆشخانەن کە 30 کەسیان بریندارنەکانیان قووڵە، 400 هاووڵاتیش لە شار و شارۆچکەکانی دەوری ئامەد چارەسەر وەردەگرن.
لە ئامەد تیمێکی شارەوانی سەردانی ماڵ و باڵەخانەکان دەکات بۆئەوەی زیانی باڵەخانەکان دیاری بکرێت و مەترسیی رووخانی باڵەخانەکان هەڵسەنگێنن، بەڵام پەیامنێری رووداو دەڵێت، "هاووڵاتییان بڕوا بە راپۆرتی شارەوانی ناکەن و ناچنەوە ماڵەکانیان."
بەپێی راپۆرتی شارەوانیی ئامەد، 260 باڵەخانە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و بڕیاردراوە بە زووترین کات 25 باڵەخانە، کە مەترسیی داڕمانیان لەسەرە، بڕووخێندرێن.
رۆژی چوارشەممە 15-02-2023 میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی هەدەپە سەردانی زیانلێکەوتووانی ئامەدی کرد و بە هاووڵاتییانی راگەیاند، "وەکو هەدەپە هەرچی لە دەستمان بێت بۆ ئێوە درێخی ناکەین."
لە مەڵەتی پرۆسەی گەڕان کۆتاییهاتووە
زیانلێکەوتووان لە مەلەتی لە کەشوهەوایەکی سارددا ژیان بەسەر دەبەن و شەوانە پلەی گەرمی دەگاتە 13 پلە ژێر سفر کە گرفتی زۆری بۆ تیمەکانی فریاگوزاری دروستکردووە.
لەلایەن ئافادەوە، لە گۆڕەپانی شارەوانیی گەورەی مەلەتی کە باڵەخانەکەی چۆڵکراوە، 250 خێوەت بۆ زیانلێکەوتووان هەڵدراوە. نزیکەی 1800 کەس لەو کەمپەدا دەمێننەوە و لە هەندێک خێوەتدا 15 بۆ 20 کەسی تێدایە.
عومەر سۆنمەز، پەیامنێری رووداو لە مەلەتی دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی کەشوهەوا ساردە، بەڵام هاووڵاتییان لە ترسی خنکان و ژەهراویبوونیان بە دووکەڵ ناتوانن شەوانە لە خێوەتەکاندا سۆپا هەڵبکەن.
لەو پارێزگایە، گەڕان بە مەبەستی رزگاکردنی هاووڵاتییان لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکان کۆتاییهاتووە و دەگوترێت کەس لەژێر باڵەخانەکاندا نەماوە.
تاوەکو ئێستا 1386 هاووڵاتی لە مەلەتیی باکووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە و 6444 کەس بریندارن، 1154 باڵەخانەش رووخاون و بەگشتی 7129 باڵەخانە زیانیان بەرکەوتووە، کە زیانی هەندێکیان قورسە.
عومەر سۆنمەز نێردراوی رووداو لە مەلەتی ئاماژەی بەوەش کرد، 31 کەمپ بۆ زیانلێکەوتووان دابینکراوە و ژمارەی ئەوانەی لە کەمپەکاندا دەمێننەوە، 15887 کەسە، بەشێکی زۆریش لە هاووڵاتییان لە میوانخانەکان دەمێننەوە.
لە مەلەتی 23 چێشتخانە بەردەوام خواردن بۆ زیانلێکەوتووان ئامادە دەکەن و رۆژانە سێ ژەم خواردنی گەرمیان پێدەدرێت.
پەیامنێری رووداو گوتی، هاوکارییەکان لەنێوان هاووڵاتییان بە شێوەیەکی رێکوپێک بڵاوناکرێتەوە و جیاکاری لەنێوان پەنابەران و هاووڵاتییانی مەلەتیدا بەدیدەکرێت.
لە مەلەتی 35 هەزار پەنابەری سووری و رۆژئاوای کوردستان دەژین، کە دۆخی ئەوانیش زۆر خراپە و لە کەمپەکاندا 15 بۆ 20 کەس لە خێوەتێکدا دەژین.
لە عەفرین گەڕان بۆ رزگارکردنی هاووڵاتییان چەند رۆژێکە کۆتاییهاتووە
هۆرڤان رەفعەت پەیامنێری رووداو لە عەفرین و جندرێس دەڵێت، لە عەفرین چەند رۆژێکە گەڕان کۆتاییهاتووە، بەڵام زۆربەی ناوچەکان چۆڵکراون و خەڵک لە خێوەتدا دەژین، "زیاتر لەو گەڕەکەی پێی دەگوترێت عەفرینی نوێ، باڵەخانەکان رووخاون."
رۆژی چوارشەممە، سێیەمین کاروانی هاوکارییەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی رۆژئاوای کوردستان، عەفرین و جندرێس. ئەم کاروانە سێ تیمی تەندروستی، پێنج ئەمبوڵانس، کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئامادە کراون، لەخۆدەگرێت. بڕیارە لە رۆژانی داهاتووشدا 35 بارهەڵگری دیکە لە هاوکارییەکان بگاتە رۆژئاوای کوردستان.
هاونیشتمانییەک لە عەفرین دەڵێت، "ئەو هاوکارییانەی لەلایەن رێکخراوە خێرخوازییکانەوە دەنێردرێت، بە دەستی زیانلێکەوتووانی راستەقینە ناگات."
هاونیشتمانییەکی دیکە بەناوی یوسف حەنان گوتی، "هەر دەڵێن رێکخراو هەن و هاوکاری دەکەن، بەڵام من هیچ نابینم."
دکتۆر ئەحمەد عیسا، بەرپرسی چاودێریی دەرمانخانەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی عەفرین بە رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا لە عەفرین 138 کەس بەهۆی رووداوی بوومەلەزەوە گیانیان لەدەستداوە و 3012 کەسیش برینداربوون."
ئەو بەرپرسە گوتیشی، "لە جندرێسیش 1012 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 10 هەزار کەس بریندارن، بەڵام تائێستاش خەڵک لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا ماونەتەوە و ئاماری تەواوەتی دوای هەڵدانەوەی سەرجەم داروپەردووەکان دەردەکەوێت."
لە سەمسوور هاووڵاتییان لە کۆڵان و لەسەر شەقام دەمێننەوە
لە زۆربەی ناوچەکانی سەمسوور، بۆ هاووڵاتییان خێوەت دابینکراوە، بەڵام کەلوپەلی گەرمکەرەوە نییە. راوین ستێرک، پەیامنێری رووداو لە سەمسوور ئاماژە بەوە دەکات، بۆ مانەوەی هاووڵاتییان پێویستییەکی زۆر بە کۆنتێنەر هەیە.
لە سەمسوور زۆربەی باڵەخانەکان رووخاون و هاووڵاتییان ناچارن لە شەقام و کۆڵانەکان بمێننەوە، هاوکات لە 50 باڵەخانە گەڕان بۆ رزگارکردنی هاووڵاتییان و دەرهێنانی تەرمەکان لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکان بەردەوامە.
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوە کرد، 1485 باڵەخانە لە سەمسوور رووخاون و بەگشتی ژمارەی ئەو باڵەخانانەی کە دەبێت لەلایەن شارەوانییەوە بڕووخێن 6108 خانوون.
لە سەمسووری باکووری کوردستان، ژنێک بەناوی فاتمە گیونگۆر، تەمەن 77 ساڵ، زیاتر لە 9 رۆژ لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەک بوو، لەلایەن تیمەکانی فریاگوزارییەوە رزگار کرا و دوای چارەسەری سەرەتایی، گەیێندرایە نەخۆشخانە.
دوای 222 کاژێر کەسێک لە مەرەش رزگار کرا
لە مەرەش دوای تێپەڕینی 222 کاژێر بەسەر بوومەلەرزەکەی 6ی شووباتدا، ئافرەتێکی تەمەن 42 ساڵ بەناوی مەلیکە ئیمامئۆغڵو لەلایەن تیمەکانی فریاگوزاری رزگار کرا.
شەوکەت هەرکی، پەیامنێری رووداو لە مەرەش دەڵێت، دوێنێ شەو دووبارە بوومەلەرزە مەرەشی لەراندەوە کە مەترسیی لەسەر ئەو باڵەخانانەی زیانیان بەرکەوتبوو، دروست دەکات.
پەیامنێری رووداو لە مەرەش باسی لەوەش کرد، شەوانە 10 بۆ 15 جار بوومەلەرزە روودەدات و هاووڵاتییان ناچارن لە دەرەوە بمێننەوە، گوتیشی، "گەڕان لە باڵەخانەکان بۆ رزگارکردنی هاووڵاتییان بەردەوامە."
رۆژی 6ی شووباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بە گوڕی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر کە چەقەکەیان لە مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 10 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانیان هەژاند. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێوارەی سێشەممە 35418 کەس گیانیان لەدەستداوە و 105505 کەس بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ