گۆڕان: بڕیاری سزادانی پێنج چالاکڤانی بادینان، هەنگاوێکی مەترسیدارە

16-02-2021
سەرباز سیامەند
نیشانەکردن بزووتنەوەی گۆڕان شێروان شێروانی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بزووتنەوەی گۆڕان لە پەیامێکدا لەبارەی حوکمی شەش ساڵ زیندانی بەسەر ژمارەیەک رۆژنامەڤان و چالاکڤان هەڵوێستی خۆی راگەیاند و دەڵێت، سزادانی چالاکڤانان "پێشهاتێکی ناجۆری دەسەڵاتە".
 
لە راگەیێندراوەکەی بزووتنەوەکەدا هاتووە "بڕیاری سزادانی پێنج چالاکوانی بادینان، بەپێی یاسای ژمارە (21)ی ساڵی (2003) بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی، هەنگاوێکی مەترسیدار و پێشهاتێکی ناجۆری دەسەڵاتە دەرهەق بە چالاکڤان و ئازادیخوازانی بادینان".
 
گۆڕان دەڵێت "لە رەهەندی یاساییەوە، ئەو کارەی ئەو سزادراوانەی پێ تۆمەتبارکراون، بە هیچ جۆرێک لەگەڵ سەپاندنی جۆری سزاکانیان یەکناگرێتەوە، هەربۆیە ئەم هەنگاوە وەکو پەیامێکی مەترسیدار دەبینین بەرامبەر سەروەریی یاسا و ئازادییە گشتییەکان لەلایەک و، ژیان و جووڵەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و، چالاکوان و دەنگی ئازاد بەتایبەتی".
 
وەکو لە راگەیێندراوەکەی بزووتنەوەی گۆڕاندا هاتووە "بەسیاسیکردن و بەحیزبیکردنی سەکۆی دادگاکان و قەڵەمی دادپەروەری؛ دۆخی هەرێم بەرەو قەیران و ئاڵۆزیی زیاتر دەبات، هەر لەو روانگەیەوە، لە رابردوو و ئێستاشدا؛ پشتیوانیی سەرسەختی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و، بەرگریکاری فراوانبوونی مەوداکانی ئازادیی رادەربڕین بووین".
 
پێشتر مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵوێستی خۆی لەسەر دوا پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و لەبارەی حوکمی شەش ساڵ بەسەر ژمارەیەک رۆژنامەڤان و چالاکڤان رایگەیاند "ناکرێت و نەشیاوە رۆژنامەنووسان لەسەر بیروڕا دەربڕین و نووسین وەک تۆمەتبار حوکمی وا قورسیان بەسەردا بدرێت".
 
رۆژی سێشەممە 16ی شووباتی 2021 ئاسۆ هاشم، پارێزەری خۆبەخش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دادگای هەولێر بڕیاریدا شێروان شێروانی و 4 هاوڕێی دیکەی، بەپێی ماددەى 156 لە یاساى سزادانى عێراقى، ژمارە (21) بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزا بدرێن.
 
رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2020، شێروان شێروانی دەستگیرکرا، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند، لە پارێزگای دهۆک دەستگیرکراوە و تۆمەتبارە بە "گوتنى قسەى نەشیاو، تۆمەت دروستکردن و تێکدانى ئاشتیی کۆمەڵایەتى".
 
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، شێروان شێروانی لەسەر فەرمانى راگرتن کە لە دادگەى لێکۆڵینەوەى دهۆک دەرچووە دەستگیر کراوە و "تۆمەتبارە بەپێى ماددەى 156 لە یاساى سزادانى عێراقى، ژمارە (21) بۆ ساڵى 2003 کە لە پەرلەمانى کوردستان هەموارکراوە"، بەپێی یاساکانی سزادانی عێراقی سزاکە تاوەکو لەسێدارەدان دەڕوات، بەڵام بەپێی یاسای هەموارکراوی هەرێمی کوردستان لەسێدارەدان گۆڕاوە بۆ سزای زیندان کە دەکرێت تاوەکو زیندانی هەتاهەتاییش بڕوات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە