قوربانیانى بازرگانى به‌ مرۆڤ له‌ كوردستان هه‌ڵدێن

16-02-2020
هانا لینچ
نیشانەکردن کوردستان
A+ A-
 
رووداو - هه‌ولێر
 
 حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دانی به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ له‌ناو سنووره‌كانیدا كێشه‌ی بازرگانیی به‌ مرۆڤ هه‌یه‌ و هه‌نگاویش بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و تاوانه‌ هاوێژراوه‌، به‌ڵام متمانه‌ به‌و سیسته‌مه‌ی كه‌ ده‌بێ پارێزگاری له‌ قوربانیان بكات لاوازه‌. شاره‌زایان پێیانوایه‌ سیسته‌می دادوه‌ریی كوردستان كێشه‌ی تێدایه‌ و ئه‌گه‌ر تاوانباران نه‌هێنرێنه‌ به‌رده‌م دادگا، ئه‌وه‌ ئه‌و ئافره‌تانه‌ی كه‌وتوونه‌ته‌ داوی تۆڕه‌كانی بازرگانی به‌ مرۆڤه‌وه‌ پارێزراو نابن. 
 
وه‌هبیه‌ زرار، پارێزه‌ر و خاوه‌ن 10 ساڵ ئه‌زموون له‌ بواری مافه‌كانی مرۆڤ ده‌ڵێت: "قوربانیان بڕوایان وایه‌ كه‌ تاوانباران به‌هێزن و هێشتاش ده‌توانن زیانیان پێ بگه‌یه‌نن".
 
ده‌سه‌ڵاتی ئه‌منی كرێكاره‌ بیانییه‌كان ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ ئه‌و ئاژانسه‌ی ئه‌وانی هێناوه‌ته‌ كوردستان، ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدا كه‌ هێشتا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دۆسیه‌كه‌یان به‌رده‌وامه‌. حاڵه‌تی دیكه‌ش هه‌بوون كه‌ قوربانییه‌كه‌ بۆ شوێنێكی كاتی گوازراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌وێش نه‌یتوانیوه‌ خۆی له‌ ده‌ستدرێژیكاره‌كان بپارێزێ. 
 
ره‌یچڵ، ساڵانێك ئه‌زموونی كاركردنی له‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ هه‌بوو، له‌وانه‌ش ژاپۆن، قه‌ته‌ر، عوممان، ئیمارات و سعودیه‌، كاتێك دوایینجار له‌ چین ناوی خۆی بۆ كارێكی ناو ماڵ له‌ هه‌رێمی كوردستان تۆمار كرد، دوای گفتوگۆ بۆ كاره‌كه‌ وه‌رگیرا. هه‌موو شته‌كان به‌ باشی ده‌ڕۆیشتن هه‌تا ئه‌و كاته‌ی داوای لێكرا پاره‌ی شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی بدات. ره‌یچڵ پێیگوتن كه‌ پاره‌ی ئه‌وه‌ی نییه‌، ئه‌وانیش پێیانگوت كه‌ پاره‌كه‌ له‌ مووچه‌كه‌ی ده‌گێڕنه‌وه‌، واته‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی كه‌ بڕیار بوو له‌ حه‌وت مانگی كاركردنیدا وه‌ریبگرێ. رێككه‌وتنه‌كه‌ بێمانا دیار بوو، بۆیه‌ هه‌وڵی دا واز له‌ كاره‌كه‌ بهێنێ، به‌ڵام ئیدی دره‌نگ بوو، چونكه‌ پاسپۆرته‌كه‌ی ره‌یچڵ لای ئاژانسه‌كه‌ بوو، به‌وه‌ش ده‌ستیان به‌سه‌ر چاره‌نووسیدا گرتبوو. 
 
ئافره‌ته‌كه‌ له‌ ساڵی 2018 هێنرابووه‌ كوردستان و بۆ كاری خاوێنكردنه‌وه‌ ره‌وانه‌ی ماڵێك كرابوو كه‌ دایكێك و دوو كوڕ و كرێكارێكی دیكه‌ی ژن به‌ناوی (په‌تی) تێیدا ده‌ژیان. ماڵه‌كه‌ به‌ "ناپارێزراو". ناسرابوو، ره‌یچڵ هه‌ر له‌گه‌ڵ هاتنی بۆ ماڵه‌كه‌ ئاگادار كرابووه‌وه‌ كه‌ "دلێر حه‌زی له‌ مه‌ساجه‌". ره‌یچڵ سێ مانگ بوو له‌و ماڵه‌دا كاری ده‌كرد و بێده‌نگیی له‌و گێچه‌ڵه‌ سێكسییانه‌ كردبوو كه‌ دلێر پێی ده‌كرد. 
 
قوربانیانی بازرگانی به‌ مرۆڤ هه‌تا ئه‌و كاته‌ی هه‌قده‌ستی كاره‌كه‌یان وه‌رده‌گرن، له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره‌ حاڵه‌تانه‌شدا هه‌ڵده‌كه‌ن. به‌ڵام رۆژێكیان، دلێر به‌ توندتیژی ده‌ستدرێژی كرده‌ سه‌ر په‌تی. ره‌یچڵ په‌یوه‌ندی به‌ باڵیۆزخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌ به‌غدا كرد و ئه‌وانیش دامه‌زراوه‌ی سید  (SEED)یان پێناساند. سید له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندتیژیی دژی ئافره‌تانی هێنایه‌ سه‌رخه‌ت. خاوه‌نكاره‌كه‌ له‌سه‌ر داوای ده‌زگا ئه‌منییه‌كان په‌تی بۆ پشكنین هێنا، دواتریش بردییه‌وه‌ بۆ ئه‌و ئاژانسه‌ی له‌ سه‌ره‌تاوه‌ و ره‌یچڵ و په‌تی هێنابووه‌ كوردستان.
 
ره‌یچڵ كه‌ به‌ ته‌نیا له‌ ماڵه‌كه‌دا مابوو ده‌ترسا، بۆیه‌ داوای له‌ (سید) كرد ئه‌ویش له‌و ماڵه‌ ده‌ربكه‌ن، چونكه‌ وه‌ك خۆی ده‌ڵێ "سه‌ره‌تا ده‌ترسام، چونكه‌ له‌ هه‌موو ژیانمدا ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجار بوو شتێكی وا ببینم".
 
دوو ئافره‌ته‌كه‌ به‌ یارمه‌تی دامه‌زراوه‌ی سید دۆسیه‌یه‌كیان له‌ پۆلیس كرده‌وه‌ و هۆتێلێكیان بۆ گرتن هه‌تا دۆسیه‌كه‌یان یه‌كلاده‌بێته‌وه‌. به‌ڵام ره‌یچڵ و په‌تی له‌وێش پارێزراو نه‌بوون. دلێر ئه‌و ژنه‌ی دۆزییه‌وه‌ كه‌ له‌ نزیك هۆتێله‌كه‌ پیاسه‌ی ده‌كرد و جارێكی دیكه‌ ده‌ستدرێژی كرده‌وه‌ سه‌ری، بۆیه‌ جارێكی دیكه‌ ره‌یچڵ و په‌تی روویان له‌ بنكه‌ی پۆلیس كرده‌وه‌ و سكاڵایان له‌سه‌ر دووه‌م ده‌ستدرێژیی دلێر تۆمار كرد، ئه‌مجاره‌یان ئاگادار كرانه‌وه‌ كه‌ خاوه‌ن كاره‌كه‌یان به‌ دزی تۆمه‌تباری كردوون.
 
پۆلیس له‌بری ئه‌وه‌ی ئاگای له‌و دوو ئافره‌ته‌ بێ، هه‌ردووكیانی ده‌ستبه‌سه‌ر كرد و وه‌سیقه‌یه‌كی 12 هه‌زار دۆلاری له‌سه‌ر كه‌یسه‌كه‌یان دانا. دواتر ده‌ركه‌وت یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی پۆلیس خزمایه‌تی له‌گه‌ڵ دلێر هه‌یه‌.
 
دواتر خێزانه‌كه‌ رازیبوون واز له‌ تۆمه‌تی دزییه‌كه‌ بهێنن ئه‌گه‌ر ره‌یچڵ و په‌تی واز له‌ تۆمه‌تی ده‌ستدرێژی و بازرگانی به‌ مرۆڤ بهێنن. وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌ڵێ ده‌بووایه‌ ناوبانگی خێزانی دلێر له‌به‌رچاو گیرابا. ره‌یچڵ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وازی له‌ دۆسیه‌كه‌ هێناوه‌ و ته‌نانه‌ت كوردستانیشی جێهێشتووه‌، له‌سه‌ر قسه‌كه‌ی خۆیه‌تی و ده‌ڵێ: "هه‌موو كه‌سێك ده‌زانێ چی روویدا، چونكه‌ من بۆم گێڕانه‌وه‌... ئێمه‌ بۆمان گێڕانه‌وه‌".
 
زۆر كه‌یسی بازرگانی به‌ مرۆڤ له‌م رێگه‌یه‌وه‌ یه‌كلا ده‌كرێنه‌وه‌. له‌ زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كاندا، كرێكاره‌ بیانییه‌كانی وه‌ك ره‌یچڵ و په‌تی پێیان باشتره‌ هه‌رچی زووتره‌ كوردستان جێبهێڵن، چونكه‌ دادگا پڕۆسه‌یه‌كی درێژی به‌ده‌مه‌وه‌یه‌ و قوربانییه‌كان نایانه‌وێ له‌ شوێنێكدا بخولێنه‌وه‌ كه‌ سیسته‌مه‌كه‌ی پشتی ئه‌وان ناگرێ و زۆرجار ئه‌گه‌ر زۆر له‌سه‌ر دۆسیه‌كه‌ی خۆیان پێداگری بكه‌ن، رووبه‌ڕووی كاردانه‌وه‌ و تۆمه‌ت ده‌بنه‌وه‌.
 
به‌ گوێره‌ی راپۆرتێكی دامه‌زراوه‌ی سید، له‌دوای به‌دواداچوونه‌كه‌یان زیاتر له‌ 38 ئاژانسی دامه‌زراندنی كرێكاره‌ بیانییه‌كان خراونه‌ته‌ لیستی ره‌شه‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك وه‌هبیه‌ زرار ده‌ڵێ: "هیچ كه‌سێك دادگایی ته‌واو نه‌كراوه‌". 
 
وه‌هبیه‌ هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: "به‌ گوێره‌ی یاسای بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ، ته‌نانه‌ت له‌ دۆسیه‌ی گفتوگۆ و دانوستاندنیشدا تاوانباره‌كه‌ هه‌ر ده‌بێ سزا بدرێ. به‌ڵام ئێستا كه‌یسه‌كان ده‌خرێنه‌ چوارچێوه‌ی یاسای جیاوازه‌وه‌ و كاتێك داده‌خرێن، تاوانباره‌كه‌ به‌بێ سزا بۆی ده‌رده‌چێ".
 
دادوه‌ر محه‌ممه‌د رێكانی، داواكاری گشتی له‌ دادگای تاوانی هه‌ولێر ده‌ڵێ دادگاكانی خواره‌وه‌ كاریان له‌ چه‌ندین كه‌یسی بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ كردووه‌، زۆر كه‌یسیش به‌ گوێره‌ی یاسای دیكه‌ دادگایی كراون، وه‌ك پێشێلكردنی مافی نیشته‌جێبوون، سواڵكردن و دزی، نه‌ك بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ، چونكه‌ لێكۆڵه‌ره‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ تاوانه‌كان ناچنه‌ خانه‌ی بازرگانیكردن به‌ مرۆڤه‌وه‌.
 
به‌ڵام وه‌هبیه‌ زرار پێیوایه‌ هه‌موو كه‌سێك له‌ داواكاره‌كانه‌وه‌ هه‌تا ده‌گاته‌ لێكۆڵه‌ره‌ دادوه‌رییه‌كان و دادوه‌ره‌كان پێویستیان به‌ راهێنان و رێنمایی تایبه‌ته‌، چونكه‌ "دادگاكان هه‌تا ئێستاش ده‌ستیان به‌ جێبه‌جێكردنی یاسا و پاراستنی مافی قوربانیانی بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ نه‌كردووه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قوربانیان ده‌ستیان به‌ سیسته‌می یاسایی راناگات و هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ له‌ده‌ستی خاوه‌نكار یان بازرگانه‌كه‌دایه‌، بۆیه‌ سه‌لامه‌تترین رێگا ئه‌وه‌یه‌ هه‌رچی زووتره‌ قوربانییه‌كان بگه‌ڕێنرێنه‌وه‌ وڵاتی خۆیان".
 
ئه‌م چاره‌سه‌ره‌ به‌ هه‌موو كێشه‌كانی خۆیه‌وه‌، زۆر باشتره‌ له‌و چاره‌سه‌ره‌ی بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ كورد و عێراقییه‌ی كه‌وتوونه‌ته‌ داوی تۆڕه‌كانی بازرگانیكردن به‌ مرۆڤه‌وه‌ ده‌كرێ. شێری كراهام تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی سید ده‌ڵێ یارمه‌تیدانی رزگاربووه‌ خۆجێیه‌كان "ته‌حه‌دایه‌كی زۆر گه‌وره‌تره‌".
 
قوربانییه‌ خۆجێییه‌كان ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لای خێزانه‌كانی خۆیان، چونكه‌ دووباره‌ رووبه‌ڕووی توندوتیژی ده‌بنه‌وه‌، به‌ تایبه‌تی ئه‌گه‌ر كه‌وتبنه‌ داوی بازرگانیی سێكسه‌وه‌. ئه‌و خه‌ڵكه‌ له‌لایه‌ن سیسته‌می دادوه‌رییه‌وه‌ به‌ تاوانبار له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێن یان ده‌بنه‌ قوربانیی سیسته‌مه‌كه‌.
 
ئاشنا عه‌بدولقادر، ئه‌ندامی كاتیی لیژنه‌ی كاروباری ئافره‌تانی په‌رله‌مانی كوردستان، پێیوایه‌ كێشه‌ی بازرگانی به‌ مرۆڤ كێشه‌یه‌كی دامه‌زراوه‌ییه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و ده‌ڵێ: "یاسا سه‌روه‌ر نییه‌ و ده‌زگای دادوه‌ری سه‌ربه‌خۆ نییه‌". گوتیشى: "ئه‌گه‌ر تۆ سكاڵایه‌ك له‌ دادگا به‌رز بكه‌یته‌وه‌ و تۆمه‌تباره‌كه‌ پشتیوانیی سیاسی هه‌بێ، ئه‌وه‌ هیچ گومانت نه‌بێ كه‌ كه‌یسه‌كه‌ ده‌دۆڕێنی".
 
ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریی كوردستان ئاماده‌ نه‌بوو له‌وباره‌یه‌وه‌ لێدوان بۆ (رووداو) بدات، به‌ڵام داواكار رێكانی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ كه‌سانی به‌هێز باڵاده‌ستن به‌سه‌ر ده‌سته‌ی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریدا، ئه‌وه‌ش كێشه‌ی بۆ هه‌وڵه‌كانی ئه‌وان بۆ به‌رگریكردن له‌ قوربانییه‌كان دروستكردووه‌. 
 
رێكانی ده‌ڵێت تاوانی بازرگانیكردنی به‌ مرۆڤ له‌لایه‌ن خه‌ڵكانی به‌ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ده‌كرێ، چونكه‌ ئه‌وه‌ تاوانێكی رێكخراوه‌ و له‌ نێوان زیاتر له‌ وڵاتێكدا ده‌كرێ. ده‌شڵێت ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی له‌و جۆره‌ تاوانه‌دا تێوه‌گلاون په‌یوه‌ندییان له‌ ناو دامه‌زراوه‌كاندا هه‌یه‌، له‌وانه‌ش پۆلیس، هه‌ر ئه‌وه‌ش واده‌كات "به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و تاوانه‌ هه‌ندێكجار زه‌حمه‌ت بێ".
 
داواكاره‌كه‌ پێیوایه‌ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌ "پێویستی به‌ ویستێكی سیاسیی به‌هێزه‌ كه‌ پشتگیری له‌ رێوشوێنه‌ یاساییه‌كان بكات و به‌ره‌نگاری ئه‌و تاوانه‌ ببێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ تاوانێكی نێوده‌وڵه‌تییه‌. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌شه‌ كه‌ ده‌بینین هه‌ندێكجار گرتنی تاوانباران زۆر سه‌خته‌".
 
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه‌، ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ بازرگانه‌كانی مرۆڤ به‌ ئازادی ده‌سووڕێنه‌وه‌، له‌ كاتێكدا قوربانییه‌كان نازانن چۆن ژیانی تێكشكاوی خۆیان سه‌رله‌نوێ كۆبكه‌نه‌وه‌.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە