بەدواداچوونی رووداو: لە ساڵێکدا رێژەی تاوان لە هەرێمی کوردستان 19٪ زیادیکردووە


رووداو دیجیتاڵ 

بە گوێرەی ئەو ئامارانەی دەست رووداو کەوتوون، لە بەراوردی ساڵانی 2023 و 2024 دا رێژەی تاوان لە هەرێمی کوردستان ٪19 زیادیکردووە. مادەی هۆشبەر و تیرۆر پلەی یەکەم و دووەمی تاوانەکانیان گرتووە. 
 
سزادراوان کێن؟
 
لە ساڵی 2023 دا حەوت هەزار و 387 سزادراو براونەتە نێو چاکسازییەکان، لە ساڵی 2024 ژمارەکە بەرزبووەتەوە بۆ نۆ هەزار و 31 سزادراو. لە بەراوردی ساڵدا 16353 تاوان و سزادراو زیادیان کردووە کە بەشێکیان دووبارە و سێ بارە سزادراون. 
 
ئێستا بە کۆی گشتی زیاتر لە پێنج هەزار و 700 زیندانیکراو لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دا هەن، لەو ژمارەیە هەزار و 527 تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر سزادراون کە دەکاتە یەک لەسەر پێنجی کۆی سزادراوان. نزیکەی نیوەی ئەو ژمارەیەش بازرگانن کە ژمارەکە 801 کەسە.
 
لەدوای ماددەی هۆشبەر، سزادراوانی تیرۆر لە پلەی دووەم دێت، پاشان دزی و کوشتن، لە کۆی گشتیشدا زۆربەی سزادراوان لەسەر چوار جۆر تاوان سزادراون ئەوانیش: ماددەی هۆشبەر، تیرۆر، دزی و کوشتنن. 
 
هاوکات یەک لەسەر پێنجی سزادراوانیش لەسەر سیخوڕی، ساختەکاری، ناپاکیی هاوسەرگیری، قەرزداری و تاوانەکانی دیکە سزادراون.
 
سزادراوانی بیانی لەنێو چاکسازییەکاندا
 
هەر بە گوێرەی ئەو ئامارانەی لە بەدواداچوونی رووداودا دەستمان کەوتووە، جگە لە سزادراوانی نێوخۆیی، زیاتر لە 400 سزادراوی بیانی هەن کە زۆربەیان لەسەر بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر و تیرۆر تاوانبارن. سزادراوانی بیانی زۆربەیان هەڵگری وڵاتینامەی وڵاتانی دراوسێن، لەوانە: 123 سزادراوی سووری، 112 سزادراوی ئێرانی و 52 سزادراوی تورکی.
 
 
تاوانەکان بەپێی شار؛ هەولێر یەکەمە
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان، رێژەی تاوان لە هەولێر زیاترە، هۆکارەکەی بۆ بوونی زۆریی ژمارەی ئاوارە، زۆریی دانیشتووان و کەسانی بیانی دەگەڕێتەوە. بەپێی ئاماری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، 700 بەکارهێنەر و بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە 2024 لە هەولێر دەستگیرکراون، لە دهۆک و سلێمانی ئەو ژمارانە بۆ نیوە کەمترە.
 
بەڕێوەبەرایەتییەکە بەنیازە ناوەندی چاکسازیی زیاتر بکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی گوشار لەسەر پارێزگا جیاوازەکان. لە ئیدارەی گەرمیان چاکسازییەک دەکرێتەوە، لە هەولێریش چاکسازییەکی دیکەی ژنان دەکرێتەوە. 
 
ئیحسان بابان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازیی کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: چاکسازیی گەوران بۆ 900 کەس دروستکراوە، چاکسازیی ژنان و منداڵان بۆ 100 کەس، بەڵام ئێستا زۆر زیاتری لەو ژمارەیە تێدایە. "ئەوەش بۆمان دەردەخات، کە رێژەی تاوان، رێژەی ئەوانەی سزادەدرێن ساڵ بە ساڵ لە زیادبووندایە."
 
هۆکارەکانی زیادبوونی تاوانەکان
 
دوای گفتوگۆی رووداو لەگەڵ چەند شارەزایەک، ئەوان هۆکاری زیادبوونی تاوانەکان دەگەڕێننەوە بۆ چەند خاڵێک. بێگومان ئەو هۆکارانە پەیوەستن بە هەر کۆمەڵگەیەک کە تاوان تێیدا زیادبێ. چەندین هۆکاری سەرەکیش هەن کاریگەرییان هەیە لەسەر زیادبوونی تاوان لە هەرێمی کوردستان هەیە:

 

 
هۆکاری ئابووری
 
- بێکاری و هەژاری
- نایەکسانی
- قەیران و گرفتی دارایی
 
هۆکاری کۆمەڵایەتی
 
- لاوازیی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان
- کاریگەریی نەرێنیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
 
هۆکاری یاسایی
 
- لاوازیی سیستمی دادوەری
- نەبوونی چاودێریی تەواو
 
نیهاد سەعید، بەرپرسی توێژینەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی گەورانی هەولێر لەبارەی هۆکارەکانی زیادبوونی تاوان و سزادراوان گوتی، "یەکەم هۆکار بۆ هۆشیاریی تاکەکەسی دەگەڕێتەوە، ئەوانەی سزادراون، ئاستی هۆشیارییان کەمە، لە بچووکترین رووداودا پەنا دەبەنە بەر مادەی هۆشبەر. هەروەها سۆشیاڵمیدیاش بەگشتی هۆکارێکە بۆ زیادبوونی تاوان."
 
چارەسەر چییە؟
 
هەمان ئەو شارەزایانەی رووداو قسەی لەگەڵ کردوون، چەند چارەسەرێک بۆ ئەو دۆخە پێشنیاز دەکەن، بنچینەییترینیان ئەمانەن: 
 
- باشترکردنی دۆخی ئابووری و دابینکردنی هەلی کار
 
- بەهێزکردنی سیستمی دادوەری و یاسا
 
- پەرەپێدانی پەروەردە و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی
 
- دروستکردنی ستراتیجیەتێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوان