رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ وەزیری نوێی هێزە چەکدارەکانی بەریتانیا کۆبووەوە. فەوزی هەریری گوتی: "وەزیرە بەریتانییەکە گوتی هاوئاهەنگییەکانمان لەگەڵ پێشمەرگە بەهێزتر دەکەین لە شەڕی دژی تیرۆر دا."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16.1.2025، فەوزی هەریری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەم لەگەڵ لووک پۆلارد، وەزیری نوێی هێزە چەکدارەکانی بەریتانیا، دوای پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی، سوپاسی هاوکاری و پشتگیری بەریتانیام کرد لە رووی سەربازی و پشتیوانیان بۆ پێشمەرگە و گەلی کوردستان.
فەوزی هەریری گوتی: "وەزیری هێزە چەکدارەکانی بەریتانیا پێی گوتم، بەردەوام دەبن لە پشتگیریی پێشمەرگە و مکوڕن لەسەر سەقامگیری کوردستان و ناوچەکە، هاوئاهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە بەهێزتر دەکەین بەتایبەت لە شەڕی دژی تیرۆردا."
لە قسەکانیدا بۆ سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لووک پۆلارد گوتوویەتی: "ئێمە زۆر جەخت لەسەر پەیوەندییەکان لەگەڵ پێشمەرگە و دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان دەکەینەوە و راهێنان بە ئەفسەرانی پێشمەرگە دەکەین."
فەوزی هەریری، بانگهێشتی وەزیرە بەریتانییەکەی کردووە بۆ هەولێر و ئەویش لە وەڵامدا پێی گوتوو: "بەمنزیکانە سەردانی عێڕاق و هەرێمی کوردستان دەکەم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ