رووداو دیجیتاڵ
تەنیا لە هەفتەی دووەمی ئەم ساڵدا، 17 هەزار و 377 هاووڵاتی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە؛ خۆیان بۆ دەرهێنانی کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان تۆمارکردووە.
بەگوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردووەتەوە، لە رۆژی 7 تاوەکو 15ـی ئەم مانگە، 17 هەزار و 377 هاووڵاتی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە؛ خۆیان بۆ دەرهێنانی کارتی بایۆمەتری تۆمارکردووە. 13 هەزار و 544 هاووڵاتیش کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە.
لە داتاکەی کۆمیسیۆندا هاتووە، زۆرترین ژمارەی خۆتۆمارکردن لە ناوچەی رەسافەی بەغدا بووە کە دوو هەزار و 928 کەس بوون. کەمترینیش لە کەرکووک بووە بە 340 کەس.
هەرچی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیشە، لە هەولێر 516 کەس؛ سلێمانی 739 کەس و لە دهۆکیش 828 کەس خۆیان تۆمارکردووە.
هەر ئەمڕۆ جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت، "رۆژانە لە هەزار و 79 ناوەندی تۆمارکردن لە سەرتاسەری عێراق دا پێشوازی لە هاووڵاتییان دەکەین بۆ تۆمارکردنی ناویان و پێدانەوەی کارتەکانیان."
ئەم گەرموگوڕییەی هاووڵاتییان بۆ دەرهێنان و وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمەتری دەنگدان لەکاتێکدایە، وابڕیارە لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت.
کارتی بایۆمەتریی دەنگدان، لە چوار هەڵبژاردنی رابردووی عێراق و هەرێمی کوردستاندا کاری پێدەکرێت، کە بەرایی و زانیاری تەواوی کەسی دەنگدەری بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی هەڵگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ