رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، خۆ دەرخستنی ئەفسەر و کارمەندانی وەزارەتەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قەدەخەیە و تەواوی پەیجەکانی دەرەوەی وەزارەتیش دادەخرێن. وەزیری پێشمەرگە دەڵێت، "هەندێک بابەت تایبەتمەندی پیشەیی و سەربازییان هەیە و نابێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبکرێنەوە."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی کانوونی دووەمی 2025، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیرى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەندێک بابەت تایبەتمەندی پیشەیی و سەربازییان هەیە، نابێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبکرێنەوە، لە پێناو پاراستنی ئاسایشی هێزەکانی پێشمەرگە."
وەزیرى پێشمەرگەى دەڵێت: "دەبێت پێشمەرگە، ئەفسەر و سەربازەکان لە هەموو کەسێک زیاتر پابەندی ئەم بڕیارانە بن، چونکە ئەوان ئەرکێکی پیرۆزیان هەیە و پێویستە رێز لە بەهاکانی ئەم ئەرکە بگرن و تایبەتمەندییەکانی بپارێزن."
هەر ئەفسەرێک، پێشمەرگە یان سەربازێک ئەم کارانە بکات لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت. شۆڕش ئیسماعیل گوتی: "لە هیچ کەسێک قبووڵ ناکرێت سەرپێچی ئەم بڕیارانە بکات، بە پێچەوانەوە دەدرێتە دادگە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێ."
ئەمڕۆ وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە مەبەستی زیاتر رێکخستنی ئەرک، کارەکانی راگەیاندن و کۆنترۆڵکردنی ئەو بەربڵاوییەی لە بڵاوکردنەوەی وێنە، فیدیۆ و نمایشکردن بە جل و بەرگی سەربازی بە شێوەیەکی نادروست، هەروەها دانانی پەیج و ئەکاونتی نافەرمی لە دەرەوەی یاسا و رێنماییەکان هەیە، وەزارەتی پێشمەرگە بە فەرمانی ژمارە 60 لە 6ـی کانوونی دووەمی 2025 ژمارەیەک بریار و راسپاردەی دەرکرد.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هەموو جۆرە پۆست و بڵاوکردنەوەی هەرجۆرە نمایش و خۆ دەرخستنێک بە شێوەیەک چالاکیی کەسیی ئەفسەر، فەرماندە و پێشمەرگە بە جلی سەربازی لە بنکە و بارەگا سەربازییەکان کە زیان بە شکۆ و کەسایەتی فەرماندە و ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە دەگەیێنێت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا قەدەخەیە."
وەزارەتەکە دەڵێت: ''هەموو جۆرە ناوزڕاندنێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا "كۆمێنتی نەشیاو یان پۆست و بڵاوكردنەوەی وێنەی نەگونجاو"، ئەنجامدەرەكەی رووبەڕووی سزای یاسایی دەكاتەوە و دەدرێتە دادگای سەربازی، هەر ئەفسەر و پێشمەرگەیەک بەدەر لەو رێنوێنییانەی كە لە فەرمانەكەدا هاتووە ئەو كارانە ئەنجام بدات، رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هەواڵگریی پێشمەرگە چاودێری و بەدواداچوونی بەردەوام بۆ ئەو بابەتە دەکەن و دەدرێتە دادگە."
هەروەها فەرمانە وەزارییەکە باس لەوەش دەکات، "پێویستە هەردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتیی راگەیاندن و هەواڵگریی پێشمەرگە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان بەدواداچوون بۆ پەیجە فەیک و نادیارەکان بکەن، کە سووکایەتی بە ناو و ناوبانگی پێشمەرگە و فەرماندە سەربازییەکان دەکەن، ئەگەر کەسانی سەربازی بن بەپێی یاسای سزدانی سەربازی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەگەر کەسانی مەدەنی بن لە رێگەی فەرمانگەی یاسایی وەزارەتی پێشمەرگە سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ