رووداو دیجیتاڵ
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، دوێنێ چوارشەممە، مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کۆبوونەتەوە.
هۆشیار زێباری ئاماژە بەوە دەکات، "کۆبوونەوەکە دوو بە دوو و بە ئارامی بەڕێوەچووە و راشکاوانە بووە".
هەروەها دەشڵێت، پەیوەندیدار بووە بە گفتوگۆکانی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بەزوویی.
ئەمە یەکەمین جارە مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئۆکتۆبەری 2024، کۆببنەوە.
نزیکەی سێ مانگە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کراوە کە پارتی 39 کورسی و یەکێتی 23 کورسی بەدەستهێنا.
کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لە پاش چەند کۆبوونەوەیەکی هەردوو پارتەکە دێت لەسەر ئاستی شاندی باڵا و شاندی تەکنیکی لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، رێواز فایەق، ئەندامی شاندی تەکنیکیی یەکێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارە هەفتەی داهاتوو هەردوو شاندی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی کۆببینەوە، بەڵام هێشتا کات و شوێنی کۆبوونەوەکە دیار نییە و بە رێککەوتنی هەردوولا کات و شوێنەکە دیاری دەکەین، لەبەر ئەوەش کە لیژنەکە لەسەر ئاستی باڵا نییە، بۆیە کام شوێن گونجاو بێت لەوێ کۆدەبینەوە".
ئامانج لەم زنجیرە کۆبوونەوەیەی هەردوو حیزبەکە، ئامادەکردنی رەشنووسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ