رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوە لە هێرشەکەی دوێنێ شەودا بە سەختی بریندار بوون، هاوژین و کوڕێکی پێشڕەو دزەیی بە فڕۆکەی تایبەت رەوانەی ئیمارات کران بۆ چارەسەر.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئێوارەی ئەمڕۆ هانا جووتیار، هاوژینی پێشڕەو دزەیی و کوڕە گەورەکەی رۆژ پێشڕەو، بە فڕۆکەی تایبەت رەوانە کراون.
لە رووداوەکەدا، خانووی پێشڕەو دزەیی بە تەواوی خاپوور بوو، پاسپۆرت و وڵاتینامەی سەرجەمیان سووتاون. بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون "سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و لایەنی پەیوەندیدار، لەگەڵ کۆنسوڵخانەی ئیمارات گفتوگۆیان کردووە و پەیوەندییان بە حکومەتی ئەو وڵاتەشەوە کردووە، ئەوانیش ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە وەکو نەخۆش و بەبێ پاسپۆرت پێشوازییان لێبکەن."
هەردوو بریندارەکان، بە فڕۆکەیەکی تایبەت، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە رەوانەی شاری دوبەی کراون و ئەمشەو دەگەنە نەخۆشخانەیەکی ئەو شارە.
شەوی 15ی مانگ، بە 11 مووشەک و چەند درۆنێک هێرشکرایە سەر هەولێر و دەوروبەری. سوپای پاسدارانی ئێران، هێرشەکانی لە ئەستۆ گرت.
شەوی هێرشەکە، لەنێو ماڵی پێشڕەو دزەییدا بەبۆنەی گەڕانەوەی منداڵەکانی لە ئەمریکا، ئاهەنگی خێزانی هەبووە، بۆیە مووشەکەکان جگە لە کوشتنی پێشڕەو دزەیی و کچەکەی، بوون بەهۆی گیانلەدەستدانی کەرەم میخائیل و کارگوزارێکی خەڵکی فلیپین.
پێشڕەو مەجید ئاغا دزەیی، ساڵی 1966 لە هەولێر لەدایک بووە، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی فاڵکۆن و پڕۆژەی ئیمپایەر، دوو هاوژین و چوار منداڵی هەبوو، کچە بچووکەکەی کە ناوی ژینە بوو، هێشتا تەمەنی نەببووە ساڵێک، لەگەڵ خۆی لە بۆردوومانەکاندا گیانی لەدەستدا. هاوژینەکەی و دوو کوڕیشی بریندارن، کوڕە گەورەکەی بەناوی رۆژ پێشڕەو، تەمەنی 25 ساڵە، لە رووداوەکەدا قۆڵێکی لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ