ئیتاڵیا لەبارەی هێرشەکەی هەولێر: کردەیەکی مەترسیدارە
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا لە عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر شاری هەولێری کرد و هۆشداریشی دا، ئەو هێرشانە زیان بە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەگەیێنن.
رۆژی سێشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2024، باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکیان لەبارەی هێرشە مووشەکییەکانی شەوی دووشەممەی سەر شاری هەولێری بڵاوکردەوە، هێرشەکانی سوپای پاسدارانیان بە هەنگاوێکی مەترسیدار ناوبرد.
باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا نووسیویەتی، "بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر هەولێر دەکەین، کە بووە هۆی کوژرانی چوار کەس و برینداربوونی شەش کەسی دیکە."
ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو هێرشانە، "کردەوەیەکی مەترسیدارن و ئەگەری هەیە زیان بە ئاسایش و سەقامگریی عێراق بگەیێنیت کە ئەو سەقامگیرییە ئیتاڵیا بۆ چەندین ساڵە پاڵپشتیی کردووە. سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری قوربانییان و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین."
شەوى 15ى کانوونى دووەم، لەلایەن سوپاى پاسدارانى ئێرانەوە هێرش کرایە سەر هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان و لە ئەنجامدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 16 کەسی دیکە بریندار بوون.
لەو 11 مووشەکەی ئێران هەولێری پێکردە ئامانج، پێنجیان بەر ماڵى پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری ناسراوی هەولێر کەوتن؛ لە ئەنجامدا خۆی، کچێکى، میوانێکی و کارگوزارێکی ماڵەکەی گیانیان لە دەستدا. هاوژینەکەی و دوو کوڕیشی برینداربوون کە برینی کوڕێکیانی سەختە و تەندروستیی ناجێگیرە.
هێرشەکانی ئێران کاردانەوەی گەورەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا هێنا. ئەمریکا، چین، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، فینلاند و نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئاستی جیا سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەیان کرد.