چیرۆکی کەرەم میخائیل؛ لە بەریتانیا لەدایکبوو، لە ئیمارات دەژیا و لە هەولێر گیانی لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

کەرەم میخائیل لە بەریتانیا لەدایکبووە، لە ئیمارات دەژیا و لە هەولێر ئەو کاتەی لە ماڵی پێشڕەو دزەیی هاوڕێی میوان بوو، بە مووشەکی ئێرانی کۆتایی بە ژیانی هێندرا. 
 
بنەماڵەی کەرەم میخائیل خەڵکی دەشتی نەینەوان و نیشتەجێی بەریتانیان. کەرەم لە ساڵی 1981 لە بەریتانیا لەدایکبووە. ساڵی 2008 ماستەری لە بەڕێوەبەریی بازرگانی لە زانکۆی باس ـی بەریتانیا وەرگرتووە و کارەکانی لەبواری ئی کۆمێرسدا بوون. بەپێی هەژماری لینکیدئین ـەکەی، ماوەی چوار مانگ بوو ببووە ئەندامی بۆردی پڕۆژەی فایڤ وەن لابس. 
 
کەرەم سەریدار ناسیاو و هاوپیشەی نزیکی پێشڕەو دزەیی بوو. بۆیە شەوی دووشەممە لە باخەکەی پێشڕەو دزەیی بۆ کۆبوونەوەیەکی خێزانی بانگهێشتکرابوو، بێ ئاگا لەوەی ئەوە دوایین کۆبوونەوەی دەبێت لەگەڵ هاوڕێکەی. 
 
خانووەکەی پێشڕەو دزەیی کە بۆردوومانکرا، دەکەوێتە سەر رێگەی هەولێر پیرمام. قوربانییەکانی هێرشەکەش بەڵگەن بۆ ئەوەی میواندارییەکی تەواو خێزانی و دۆستانە بووە کە تێیدا جگە لە پێشڕەو دزەیی، کچەکەی بەناوی ژینە کە تەمەنی نەببووە یەک ساڵ، دایەنە فلیپینییەکەیشی گیانیان لەدەستدا. 
 
هەر بەهۆی بۆردوومانەکەوە، هاوژینەکەی پێشڕەو دزەیی و دوو کوڕی دیکەی برینداربوون.  
 
کەرەم میخائیل خێزاندار بوو و باوکی دوو منداڵ بوو. هاوژین و منداڵەکانی نیشتەجێی دوبەین و خۆی بە بۆنەی کارەکەیەوە لەنێوان عێراق و ئیمارات هاتووچۆی دەکرد.
 
سەریدار دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مەناهیل ئەلڕەیان بوو لە بەغدا و بریکاری سەرەکیی کۆمپانیای سۆنی و بریکاری باوەڕپێکراوی کۆمپانیای سامسۆنگ بوو لە عێراق.
 
ئەو هێرشەی ژیانی لە کەرەم و سێ کەسی دیکە سەندەوە و 16 کەسی دیکەی بریندارکرد، لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بە مووشەکی بالیستیی فاتیح کرا و بیانووەکەیان ئەوەبوو کە بارەگای مۆسادیان کردووەتە ئامانج.