هاکان فیدان: رووداوەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت پەیوەندیی نێوان یەکێتی و پەکەکەی دەرخست

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە لە چیاکانی قەندیل و مەتین؛ شارەکانی سلێمانی، کەرکووک و شنگال هەیە و ئاماژە بەوەش دەکات، کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە لە سنووری پارێزگای دهۆک و رووداوەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پەکەکەی دەرخست.
 
لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی تایبەت بە بودجەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی، وەزیری دەرەوەی تورکیا رۆژی سێشەممە 16-1-2024، لە پەرلەمانی تورکیادا گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی لە پێشهاتەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە باشوور، رۆژئاوای کوردستان و باکووری کوردستان کرد.
 
"پەیوەندی نێوان پەکەکە و یەکێتی"
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی، پەکەکە لە قەندیل، مەتین، شنگال، مەخموور، سلێمانی و کەرکووک چالاکی و بوونی هەیە و گوتیشی، "پەکەکە سوودی لەو بۆشاییە وەرگرتووە کە داعش دوای رۆیشتنی دروستی کرد؛ هەروەها هەژموونی خۆی گواستووەتەوە بۆ ئەو شوێنانە. پەکەکە کە لەژێر بیانووی بەرەنگاربوونەوەی داعش بانگهێشتی کەرکووک کرا، لە شنگالیش لە شوێنی داعش جێگیر بوو. پەکەکە لەکاتێکدا لەو شوێنانە جێگیر بووە کە داعش چۆڵی کردوون، بەڵام دەبینرێت هاوئاهەنگییەکی کەمی لەگەڵ داعش هەیە".
 
هاکان فیدان باسی لەوە کرد، پەکەکە سوودی لە هەموو ناکۆکی و پەرتەوازەییەک وەرگرتووە بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە باشووری کوردستان و عێراق و گوتی، "ناکۆکیی نێوان حکومەتی ناوەندی و هەولێر، هەروەها ناکۆکیی نێوان شیعە و سوننە دوو لەو بابەتە سەرەکییانەن کە پەکەکە وەبەرهێنانیان لەسەر دەکات".
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا رەخنەی لە سیاسەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گرت بەرامبەر پەکەکە و  هۆشداری دایە ئەو حیزبە لە گرتنەبەری هەنگاوی زیاتر و گوتی، "رێگەخۆشکەریی یەکێتی بۆ پەکەکە لە سلێمانی بووەتە هۆی ئەوەی رێکخراوەکە لەو ناوچەیەدا بەهێزتر بێت. هەروەها کەمبوونەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچە جێناکۆکەکان وایکردووە زنجیرەیەک پەیوەندیی تاکتیکی لەنێوان پەکەکە و بەشێک لە میلیشیا عێراقییەکان دروست بێت. یەکێتی لە سووریادا مەشقی بە چەکدارانی پەکەکە/یەپەگە کردووە و رووداوی کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەری (SDG) لە باکووری عێراق و رووداوەکانی فڕۆکەخانەی عەربەتیش پەردەی لەسەر ئەوە لادا. ئەم دۆخە پەیوەندییەکانی یەکێتی و پەکەکەش ئاشکرا دەکات. ئەگەر سەرەڕای گەمارۆکانمان لەسەر سلێمانی، یەکێتی هەڵوێستی خۆی لە بابەتی پەکەکە نەگۆڕێت، لە گرتنەبەری رێکاری زیاتر سڵ ناکەینەوە".
 
ئەو رووداوی کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرەی هاکان فیدان باسی دەکات لە 15-3-2023دا بوو لە سنووری ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک. دواتر هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە رایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو رووداوەدا 9 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە.
 
رۆژی 18-9-2023ش بە درۆن هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی و لە ئەنجامدا ژمارەیەک پێشمەرگە گیانیان لەدەستدا. 
 
"لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکاندا هاوکاریکردنی وڵاتانی دراوسێ گرنگە"
 
هاکان فیدان سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەودیو سنووری سوپای وڵاتەکەی راگەیاند، بەرەنگاربوونەوەی تورکیا لەگەڵ پەکەکە/یەپەگە و ئەوانەش کە هاوکارییان دەکەن لە دەرەوەی سنووری وڵاتەکەیان، تا ئەوکاتە درێژە دەکێشێت کە دوایین ئەندامیان لەنێودەچێت؛ گوتیشی، "ریشەکێشکردنی یەکجارەکیی رێکخراوە تیرۆریستییەکان گرنگە. ئەمە نەک تەنیا بۆ وڵاتەکەمان، بەڵکو مەرجی سەرەکییە بۆ ئەوەی وڵاتانی ناوچەکە بتوانن بە ئاشتی و خۆشگوزەرانی بژین. هەربۆیە هاوکاریکردنی وڵاتانی دراوسێ لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان بووەتە خاڵێکی گرنگ".
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی، " ئێستا کلاسیکیترین کەرەستە لە بەرەنگاربوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا بریکار و رێکخراوە تیرۆریستییەکانن، بەتایبەتی ئەو لایەنانەی بەهۆی رێگریکردن لە چەکی ئەتۆمی ناتوانن لەگەڵ یەکدی شەڕ بکەن، هانایان بردووەتە بەر بریکارەکانیان. دوای جەنگی سارد، وڵاتانی ناوچەکە دانە دانە بەرەو شەڕی نێوخۆیی و تیرۆر رۆیشتن. بینیمان هەوڵدەدرێت هەمان سیناریۆ لە تورکیا جێبەجێ بکرێت، بەڵام شتێک روویدا کە حسابی بۆ نەکرابوو. ئەو حکومەتانەمان کە ماوەی 21 ساڵە لە ژێر سەرکردایەتیی بەڕێز سەرۆککۆمارمان و پشتیوانیی خەڵک، لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا کاریان کرد، ئەو کراسەیان دڕاند و فڕێیاندا کە دەیانویست بە زۆر بیکەنە بەر تورکیا".
 
"ئیدی پەکەکە زیاتر لە تورکیا، هەڕەشەیە بۆ سەر سووریا و عێراق"
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی، وڵاتەکەی ساڵانێکە بەردەوامە لە بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە؛ گوتیشی:"پەکەکە لە تورکیادا جموجووڵی چەکداری لەدەستداوە و چالاکییەکانی دابەزیونەتە نزمترین ئاست. هەموو ناوچەیەکی وڵاتەکەمان بووەتە شوێنێکی ئارام بۆ ژیان. رێکخراوەکە ئیدی زیاتر لە تورکیا، بووەتە هەڕەشەی ئەمنی لەسەر سووریا و عێراق. پەکەکە کە لە تورکیادا زەوینەی لەدەستداوە، زۆربەی جموجووڵەکانی گواستووەتەوە بۆ دەرەوەی سنوور. ئێمە لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەودیو سنوورماندا هەنگاوی نوێ و گرنگمان ناوە. لە رێگەی ئەو ستراتیجییەوە هەڕەشەکان لەنێودەبەین، هەروەها جیاکاریی نێوان سووریا و عێراقمان نەهێشت. هەڕەشە لە هەر کوێیەک بێت، رێکخراوەکە لە هەردوولا و بە شێوەیەکی هاوکات دەکەینە ئامانج. هەروەها دانە دانەی ئەو سەرچاوە و ژێرخانانە لەنێودەبەین کە هەوڵدەدەن رێکخراوەکە لە سەر پێی خۆی بهێڵنەوە. تەنیا بە لەنێوبردنی تیرۆریستان ناوەستین، بەڵکو بەدواداچوون دەکەین و بەرپرسانی باڵاشیان لەنێودەبەین. هاوکات شکست بە هەوڵەکانی ناساندنی رێکخراوەکە دەهێنین لە ئاستی نێودەوڵەتی، ئەویش بە نیشاندانی بەڵگە لەبارەی بوونی پەیوەندییان بە تیرۆرەوە".
 
پەکەکە لە عێراق و سووریادا سوودی لە پەرتەوازەیی هێز و دابەشبوونی سیاسی وەرگرتووە
 
بەشێکی گوتارەکەی هاکان فیدان تایبەت بوو بە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان و گوتی، "ئۆپەراسیۆنەکانمان لە عێراق و سووریا هەمیشە پشتئەستوور بە مافی رەوای بەرگری لە خۆکردنە کە لە مادەی 51ی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە. بە شێوەیەک کە رێز لە سەرەوەری و یەکێتیی خاکی دراوسیکانمان دەگرین و هەموو جۆرە ریکارێک دەگرینەبەر بۆ ئەوەی خەڵکی سڤیل زیانی پێنەگات. ئۆپەراسیۆنەکان لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری و بە شێوەی دیاریکردنی خاڵ جێبەجێدەکرێن. دیپلۆماسیەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەسەر بنەمای ئەوە دادەڕێژین کە پەکەکە بوونی چەکداریی لە سووریا ، ئێران و عێراق هەیە، هەروەها لە ژمارەیەک وڵاتی جیهان بەتایبەتیش ئەوروپا باڵی سیاسی هەیە. لەم سۆنگەیەوە هەوڵەکانمان بۆ لەنێوبردنی بوونی پەکەکە لە سووریا و عێراق خستووەتە نێو پەیوەندییە ناوچەییەکانمان لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا. رێکخراوەکە لە عێراق و سووریادا سوودی لە پەرتەوازەیی هێز و دابەشبوونی سیاسی وەرگرتووە".
 
"پەکەکە لە سلێمانی، کەرکووک و شنگال هەیە"
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی، پەکەکە لە قەندیل، مەتین، شنگال، مەخموور، سلێمانی و کەرکووک چالاکی و بوونی هەیە و گوتیشی، "پەکەکە سوودی لەو بۆشاییە وەرگرتووە کە داعش دوای رۆیشتنی دروستی کرد؛ هەروەها هەژموونی خۆی گواستووەتەوە ئەو شوێنانە. پەکەکە کە لە ژێر بیانووی بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ داعش بانگهێشتی کەرکووک کرا، لە شنگال لە شوێنی داعش جێگیر بوو و ئەمەش یەکێک لە پێشهاتەکانە. پەکەکە لەکاتێکدا لەو شوێنانە جێگیر بووە کە داعش چۆڵی کردوون؛ لە لایەکی دیکەوە دەبینرێت کەمە هاوئاهەنگییەکی لەگەڵ داعش هەیە".
 
هاکان فیدان باسی لەوە کرد پەکەکە سوودی لە هەموو ناکۆکی و پەرتەوازەییەک وەرگرتووە و گوتی، "ناکۆکیی نێوان حکومەتی ناوەندی و هەولێر، هەروەها ناکۆکیی نێوان شیعە و سوننە دوو لەو بابەتە سەرەکییانەن کە پەکەکە وەبەرهێنانیان لەسەر دەکات. هەروەها رێخۆشکەریی یەکێتی بۆ پەکەکە لە سلێمانی بووەتە هۆی ئەوەی تا دێت رێکخراوەکە لەو ناوچەیەدا بەهێزتر بێت. هەروەها کەمبوونەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچە جێناکۆکەکان وایکردووە زنجیرەیەک پەیوەندیی تاکتیکی لە نێوان پەکەکە و بەشێک لە میلیشیا عێراقییەکان دروست بێت. یەکێتی لە سووریادا مەشقی بە چەکدارانی پەکەکە/یەپەگە کردووە و رووداوی کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەری (SDG) لە باکووری عێراق و رووداوەکانی فڕۆکەخانەی عەربەت، پەردەی لەسەر ئەمانە لادا. ئەم دۆخە پەیوەندییەکانی یەکێتی و پەکەکەش ئاشکرا دەکات. ئەگەر سەرەڕای گەمارۆکانمان لەسەر سلێمانی، یەکێتی هەڵوێستی خۆی لە بابەتی پەکەکە نەگۆڕێت، لە گرتنەبەری رێکاری زیاتر سڵناکەینەوە".
 
"پێکهاتەی پەیوەندیدار بە پەکەکە هەوڵی چوونە نێو پەرلەمان دەدەن" 
 
سەبارەت بە جموجووڵەکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان، هاکان فیدان گوتی، "رێکخراوی جوداخواز دەیەوێت لە نێو عێراقدا هەژموونی سیاسیی خۆی بەهێزتر بکات. هەندێک لە پێکهاتە کە پەیوەندییان لەگەڵ پەکەکە هەیە و بە رواڵەت سیاسین، دەیانەوێت بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانەکانی هەرێمی کوردیی عێراق بکەن. پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەرپرسان و لایەنی پەیوەندیداری عێراق بەردەوامن. لەم نێوەندەدا لە سەردانی ئابی 2023مان بۆ عێراق، دەرفەتی دیدارمان لەگەڵ لایەنی سیاسی و بەرپرسی هەموو لایەنەکان هەبوو. بە زمانێکی روون باسمان لەوە کرد، بوونی پەکەکە بەر لە هەموو شتێک هەڕەشەیە بۆ سەر یەکێتیی خاک و حوکمڕانیی سیاسیی عێراق. لەم بابەتەدا هیچ ناڕەزاییەکمان نەبیست". 
 
هاکان فیدان سەبارەت بە هەڵوێستی کابینەی هەنووکەیی حکومەتی عێراق لەمەڕ پەکەکە گوتی، " لە بنەمادا حکومەتەکەی سوودانی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا هەڵوێستێکی بنیاتنەرانەی هەیە؛ ئەوەش پەسند دەکات کە پەکەکە و رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکەش بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و خۆشگوزەرانیی عێراق.  پێداگریمان لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی لە عێراق لەلایەن بەرپرسانی ئەوێ پێشوازی لێدەکرێت. لەم چوارچێوەیەدا رۆژی 19-12-2023 لە ئەنقەرە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی عێراق کۆبوونەوەیەکەی ئەمنیمان سازکرد. عێراق دوای کۆبوونەوەکە بۆ یەکەمجار لە نووسراوێکدا پەسندی کردووە کە پەکەکە هەڕەشەیە".
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها گوتی، ئاڵوگۆری بیروڕایان لە بابەتی پەکەکە لەگەڵ لایەنی عێراقی بەردەوام دەبێت و بەدواداچوونی بەردەوام بۆ بابەتەکە دەکەن"؛ گوتیشی، "پەکەکە لە عێراق و سووریا هەوڵی چەوساندنەوەی ئەو کورد و پێکهاتانەی دیکە دەدات کە ئایدیۆلۆژیای ئەو پەسندناکەن. هەروەها بەهۆی ئەوەی بە زۆر چەکداریان دەکات، ماڵباتە کورد، سریانی و عەرەبەکان هەوڵدەدەن منداڵەکانیان بنێرنە وڵاتەکەمان و وڵاتانی رۆژئاوا. ئێمە هەرگیز رێگەنادەین دەوڵەتێکی تیرۆر لە باکووری سووریا دابمەزرێت".