ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا سەرکۆنە و نیگەرانی خۆیان لە هێرشەکەی هەولێر رادەگەیێنن
رووداو دیجیتاڵ
یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانی ناتۆ لە پەراوێزی کۆڕبەندی داڤۆسی سویسرا، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و باسیان لە هێرشی مووشەکی ئێران لە دژی هەولێر کرد.
رۆژی سێشەممە، 16ی کانوونی دووەمی 2024، یانس ستۆڵتنبێرگی سکرتێری گشتیی ناتۆ لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە داڤۆس کۆبوونەوە و پرسی سەرەکی کۆبوونەوەکەشیان هێرشەکەی شەوی دووشەممەی شاری هەولێر بووە.
لەوبارەیەوە، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئێکس لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سوودانی نووسیوویەتی، "لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی لە داڤۆس کۆبوومەوە بۆ باسکردنی ئەو هاوئاهەنگییە بەهێزەی لەنێوانمان هەیە. هەروەها سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانم بۆ سەر هەولێر کرد و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان دەکەم. ئێمە پشتگریی لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکەین".
لەلایەکی دیکەوە، تۆماس سیلەر، باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق، لە پەیامێکدا لە ئێکس رایگەیاندووە، "یەکێتی ئەوروپا زۆر نیگەرانە لە پەرەسەندنی تووندوتیژییەکان لە ناوچەکە کە بووەتە هۆی ژمارەیەکی زۆر لە قوربانییانی سڤیل لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست".
نوێنەری وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە بەغدا زیاتر لەبارەی هێرشەکانی هەولێرەوە دەنووسێت و دەڵێت، "هێرشەکانی ئەمدواییە لە دژی سەروەریی عێراق مایەی نیگەرانی قووڵە کە دەبنە هۆی دروستبوونی ناسەقامگیریی لە وڵاتەکە و ناوچەکەش".
سیلەر داوا لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ناوچەکە دەکات کە دان بەخۆیاندا بگرن و کار بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بکەن.
کاژێر 23:30ی رۆژی دووشەممە 15-01-2024 سوپای پاسداران بە چەندین مووشەکی بالیستی هێرشیکردە سەر شاری هەولێر و لە ئەنجامدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 16 کەسی دیکەش بریندار بوون.
هێرشەکانی ئێران کاردانەوەی گەورەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا هێنا. ئەمریکا، چین، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، فینلاند و نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئاستی جیا سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەیان کرد.