دەرباز کۆسرەت رەسووڵ: لەبارەی هێرشەکانەوە گوێ لە بەرپرسە عێراقییەکان نەگیراوە

 
هەولێر دیجیتاڵ

لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتی دەڵێت، ئەوان وەکو یەکێتی سەرکۆنەی هەموو ئەو هێرشانە دەکەن رۆژانە دەکرێنە سەر شاری هەولێر و سلێمانی، "ئەوە پێشهاتێکی زۆر زۆر خراپە، لەنێو حکومەتیش نامانەوێ خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە شوێنی ململانێی هیچ هێز و لایەنێک."
 
ئەمڕۆ سێشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2024 دەرباز کۆسرەت رەسووڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "رێگەی دیکە هەیە بۆ چارەسەرکردنی هەر خەرقێکی ئەمنی، بەڵام بەو شێوازە، بەداخەوە خەڵکی سڤیل شەهید دەبن و خەڵکی کوردستان زەرەرمەندن."
 
لەبارەی هەڵوێستی حکومەتی عێراق، دەرباز کۆسرەت رەسووڵ گوتی، "بە لێدوانەکانیان قسوورییان نییە، بەڵام دەبێت لێیان بپرسین ئایا گوێیان لێ گیراوە؟ بێگومان نەخێر گوێیان لێ نەگیراوە. بەداخەوە کاریگەریی کردووەتە سەر سایکۆلۆجیی خەڵک و بازاڕ. هەموومان شانازی بەوە دەکەین کە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی ئارامە، بەڵام ئەوەی دەیبینین، هیچ ئارامییەک نەماوە. تکا دەکەین حکومەتی عێراقی ئیجرائاتی جیدی بکەن."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتی گوتی، "ئەو دەستدرێژییانەی رۆژانە لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە دەکرێنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان، جێگەی داخە." هیوایشی خواست، "لەمەودوا ئەو هێرشانە دووبارە نەبنەوە. هەرێمی کوردستان نەبێتە شوێن و گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێی سیاسییەکانی ناوچەکە و زلهێزەکان."
 
 
بە گوتەی لێپرسراوەکەی یەکێتی، ئەوان هەمیشە لەگەڵ تەبایی و یەکڕیزی بوون، لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە گفتوگۆدان، "لە رێگەی حکومەتی هەرێمیشەوە لەسەر هێڵین، لیژنەی هاوبەشیان لەگەڵ عێراق و وڵاتانی جیهانیش پێکهێناوە؛ چارەسەری کارەساتی وا نەخوازراو کراوە. وەکو یەکێتی، دژی هەموو هێرشێکی سەر هەرێمی کوردستانین، رۆژانە لە سلێمانیش دەستدرێژی دەکرێتە سەر خەڵکی سڤیل و دەکرێنە ئامانج. هاوکات ئەوەی لە هەولێر دەبیندرێت چەندەم جارە روودەدات، ئیدانەی دەکەین و لە دژین. حکومەت و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی روونیان هەیە، داوا دەکەن هەرێمی کوردستان نەبێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان."
 
دەرباز کۆسرەت داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات، "یەکڕیز بین و تەبا بین، بەهێزبوون و مانەوەمان بە یەکڕیزی و تەباییە. تەئکید دەکەینەوە، ئێمە هیچ بەرژەوەندییەکمان نییە لەو جموجووڵە سەربازییەی لە ناوچەکەدا هەیە و نە ئەو دەسەڵاتەشمان هەیە تاوەکو موعادەلەکان یەکلا بکەینەوە. هەمیشە لەگەڵ تەبایی و ئاشتین."
 
کاژێر 23:30ی رۆژی دووشەممە 15-01-2024 سوپای پاسداران بە چەندین مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و لە ئەنجامدا 4 کەس گیانیان لەدەستدا و 16 کەسی دیکەش برینداربوون.