ئومێد خۆشناو: هێرشەکەی سەر هەولێر کارێکی نامرۆڤانە و نائەخلاقیانە بوو

 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری هەولێر هێرشەکەی شەوی رابردووی ئێران بۆسەر هەولێر بە کارێکی "نامرۆڤانە و نائەخلاقی" ناودەبات و دەڵێت، "ئەو هێرشە ناڕەوایەی شەوی رابردوو کرا، تەنیا و تەنیا ئامانجی ئەوەیە هەولێر و هەرێمی کوردستان ئیرادەی خۆی تەسلیم بکات."
 
رۆژی سێشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2023 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی پێشڕەو دزەیی، بازرگان و کەسایەتیی خێرخوازی شاری هەولێر رایگەیاند، "ئەمڕۆ هەولێر و هەرێمی کوردستان خەفەتبارن بەو کردەوەیەی دەرحەق بە شارەکەمان و هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا. ئەوە درێژکراوەی ئەو پیلان و پلانانەیە کە دەرحەق بە ئیرادەی هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان ئەنجامدەدرێن."
 
پارێزگاری هەولێر گوتیشی، "ئەو کردەوە تیرۆریستییانەی لە چەند رۆژی رابردوودا ئەنجامدراون و ئەو هێرشە ناڕەوایەی شەوی رابردوو کرا، تەنیا و تەنیا ئامانجی ئەوەیە هەولێر و هەرێمی کوردستان ئیرادەی خۆی تەسلیم بکات، وەکو زۆر جێگای دیکە کە ئیرادەی خۆیان تەسلیم کردووە."
 
سەرۆک مەسعود بارزانی ئەمڕۆ لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی پێشڕەو دزەیی و منداڵەکەیدا لە هەولێر بەشدار بوو. ئومێد خۆشناو گوتی، "هاتنی جەنابی سەرۆک بارزانی و بەشداریکردنی لە بەخاکسپاردنی تەرمی شەهیدەکانمان بەشێک لە خەمەکانی ئێمە وەکو ئیدارە و حکومەت، ماڵبات و کەسوکاری ئەو شەهیدانە کەم دەکاتەوە."
 
پارێزگاری هەولێر رووی قسەکانی کردە حکومەتی عێراق و ئاماژەی بەوە کرد، "چاوەڕوانیمان لێی ئەوەیە دەرحەق بەو تاوانانە هەڵوێستی جیدیتری هەبێت. ئەوەی دەکرێت کارێکی نامرۆڤانە و نائەخلاقییە. بە بیانووی پڕوپووچ کە هیچ بنەمایەکیان نییە، خەڵکی سڤیل و منداڵی کەمتر لە یەک ساڵان شەهید دەکرێن."
 
ئومێد خۆشناو، پێشڕەو دزەیی و بنەماڵەکەیی بە بەشێکی گەورە لە "شانازییەکانی شۆڕش و هەولێر و کوردستان" ناوبرد و گوتی، "کاک پێشڕەو تەنیا وەبەرهێنەرێکی بەسوود نەبوو بۆ هەولێر و هەرێمی کوردستان، بەڵکو خێرخواز و چاکەکارێکی باشیش بوو. گەورەترین شاهێدیش بۆی ئەوەیە کە تازە جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی باسی کرد کە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش لە خزمەت پێشمەرگە و هاوکاریکردنیاندا بوو. ئەوەش هەڵوێستێکی نیشتمانییە بۆ بەرگریکردن لە خاک و وڵاتەکەی."
 
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، "هاتنی سەرۆک مەسعود بارزانی ئەو پەیامە روونەیە کە ئێمە سەرمان دانانەوێنین بۆ ناحەزان و شەهیدەکانمان سەریان بەرزە و گەلەکەشمان بە سەربەرزی دەمێنێتەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەسەر بنەمای بەرگریکردن لە خاکی کوردستان، لەسەر ئەو بابەتانە هەموو هەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی بەرگری لە خاکی کوردستان بکرێت و سنوورێکیش بۆ ئەو دوژمنکارییە دابنرێت."