لە ئەوروپا دژی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر خۆپێشاندان دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی رایگەیاند، لە دژی سیاسەتەکانی ئێران لە سێ پارچەی رۆژئاوا، رۆژهەڵات و باشووری کوردستان، کە دوایینیان هێرشە مووشەکییەکانی ئەم دواییە بوو بۆ سەر شاری هەولێر، لە وڵاتانی ئەوروپا خۆپێشاندان دەکەن و داوا لە کوردانی تاراوگەش دەکات، وەکو "ئەرکێکی نەتەوەیی" بەشداری لە خۆپێشاندانەکاندا بکەن.
 
رۆژی سێشەممە 16-01-2024 کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، لەلایەن کۆنفیدراسیۆن و ناوەندەکانی رەوەندی کوردستانی لەو وڵاتە ئەوروپییانەی کە باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لێیە، لە دژی سیاسەتەکانی ئێران لە کوردستان و بەتایبەت هێرشە مووشەکییەکانی دوێنی شەوی ئەو وڵاتە بۆ سەر شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، رۆژی شەممە 20-01-2024 خۆپێشاندان سازدەکرێت.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "رۆژی شەممە کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆی 20-01-2024، دژ بە تاوانەکانی رژێمی ئێران لە هەریەکە لە رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان، کە لە تازەترین تاوانیدا دوێنێ شەو بە چەندین مووشەک و درۆن هێرشیان کردە سەر هەولێری پایتەختی باشووری کوردستان و لە ئەنجامدا چەندین هاووڵاتیی سڤیل شەهید و بریندار بوون، خۆپێشاندانی جەماوەری لەبەردەم باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ئەوروپی ئەنجام دەدەین."
 
ئاماژە بەوەش کراوە، "هەموو ناوەندەکانی رەوەندی کوردستانی و فیدراسیۆن و کۆمەڵە و رێکخراوەکانی سەر بە کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، ئامادەکاری بۆ ئەو خۆپێشاندانە دەکەن و مۆڵەتی فەرمیی بۆ وەردەگیرێت."
 
کۆنفیدراسیۆنەکە داوا لە کوردانی تاراوگەش دەکات، وەکو "ئەرکێکی نەتەوەیی" بەشداری لەو خۆپێشاندانە ناڕەزایەتییانەدا بکەن و تەنیا ئاڵای کوردستان بەرز بکەنەوە.
 
شەوی دووشەممە 15-01-2023، ئێران بە 11 مووشەک شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج، کە نیوەیان بەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری هەولێر کەوتن.
 
ئەمیرعەلی حاجیزادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران، ئەمرۆ رایگەیاند، بە گشتی بە 11 مووشەکی بالیستی شاری هەولێر لە هەرێمی کوردستان کراوەتە ئامانج، 4 مووشەک لە کرماشانەوە و 7 مووشەکیش لە پارێزگای ئازربایجانی رۆژهەڵاتەوە (تەورێز) ئاراستەی ئەو شارە کراون.
 
بەپێی دوایین زانیارییەکان، لە هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر، 4 کەس گیانیان لەدەستداوە و 16 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
سوپای پاسدارانی ئێران لە چەند راگەێیندراوی یەک لە دوای یەکدا هێرشەکەی لەئەستۆ گرت و رایگەیاند، "سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە وەڵامی ئاژاوەگێرییەکانی ئەمدواییەی رژێمی زایۆنی لە شەهیدکردنی فەرماندەکانی سوپا و بەرەی مقاوەمەدا، بە چاودێری و پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگری لەبارەی بارەگاکان و جۆڵەکانی ئەو رژێمە لە ناوچەکەدا، بە مووشەکی بالیستی، یەکێک لە بنکە سەرەکییەکانی سیخۆڕی رژێمی زایۆنی (موساد)ی لە هەرێمی کوردستانی عێراقی کردە ئامانج و لەناوی برد."
 
سوپای پاسداران دەڵێت، "ئەو بنکەیە ناوەندی پەرەپێدانی جموجۆڵە سیخوڕییەکان و پلانداڕشتن بۆ کردەوە تیرۆریستییەکان لە ناوچەکە و بەتایبەتیی ئێران بوو."