حکومەت: جەیک سوڵیڤان بە مەسرور بارزانیی گوتووە لەگەڵ بایدن تاوتوێی پاراستنی ئارامیی هەولێر دەکەم

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس له‌گەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا کۆبووەوە و دووپاتی کردووەتەوە، بەردەوامبوونی هێرشەکان پاساو هەڵناگرێت و "پێویستە کۆتایی پێ بهێندرێت." جەیک سوڵیڤانیش بە مەسرور بارزانیی گوتووە، لەگەڵ بایدن تاوتوێی پاراستنی ئارامیی هەرێمی کوردستان دەکات.
 
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە 16-01-2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس لەگەڵ جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا کۆبووەوە.
 
تەوەری سەرەکیى کۆبوونەوەکە، وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تایبەت بووە بە هێرش و پەلاماردانی هەولێر و گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا وێڕای دەربڕینی پشتیوانی بۆ هەرێمی کوردستان، "جەختی کردەوە کە لەگەڵ سەرۆک جۆ بایدن، تاوتوێی رێکارەکانی پاراستنی ئارامیی هەرێمی کوردستان دەکات."
 
هاوکات مەسرور بارزانی دووپاتی کردووەتەوە، "بەردەوامبوونی هێرشەکان و بەئامانجگرتنی هاووڵاتییانی سڤیل، هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و پێویستە کۆتایی پێ بهێنرێت."
 
لەلایەکی دیکەوە، کۆشکی سپی لەبارەی کۆبوونەوەی نێوان جەیک سوڵیڤان و مەسرور بارزانی رایگەیاندووە، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا، "بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییە بێباکانەکەی ئێران بۆ سەر هەولێری پایتەختی کوردستانی عێراقی کردووە."
 
سوڵیڤان سەرەخۆشیی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانیانی هێرشەکە راگەیاندووە. کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا "گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و بەردەوامیی ناردنی هاوکاریی دارایی لە حکومەتی عێراقی فیدراڵەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی پشتگیریکردن لە سەقامگیری و بژێویی ژیانی هەرێمی کوردستان" باسیان لێوە کراوە.
 
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا ستایشی هاوبەشییە بەهێزەکەی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ وڵاتەکەی کرد و پاڵپشتیی وڵاتەکەشی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردووەتەوە.
 

 
شەوى 15ى کانوونى دووەم، لەلایەن سوپاى پاسدارانى ئێرانەوە هێرش کرایە سەر هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان و لە ئەنجامدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 16 کەسی دیکە بریندار بوون.
 
لەو 11 مووشەکەی ئێران هەولێری پێکردە ئامانج، پێنجیان بەر ماڵى پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری ناسراوی هەولێر کەوتن؛ لە ئەنجامدا خۆی، کچێکى، میوانێکی و کارگوزارێکی ماڵەکەی گیانیان لە دەستدا. هاوژینەکەی و دوو کوڕیشی برینداربوون کە برینی کوڕێکیانی سەختە و تەندروستیی ناجێگیرە. 
 
هێرشەکانی ئێران کاردانەوەی گەورەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا هێنا. ئەمریکا، چین، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، فینلاند و نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئاستی جیا سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەیان کرد.