هاکان فیدان: رێگەنادەین گرووپێکی تیرۆریستی کۆنتڕۆڵی باکووری سووریا بکات


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، پەکەکە لە قەندیل، مەتین، شنگال، مەخموور، سلێمانی و کەرکووک چالاکی و بوونی هەیە و "سوودی لەو بۆشاییە وەرگرتووە کە داعش دوای رۆیشتنی دروستی کرد؛ هەروەها هەژموونی خۆی گواستووەتەوە ئەو شوێنانە." داوا لە ئەمریکاش دەکات، هاوکارییەکانی بۆ پەکەکە رابگرێت.

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند، "پەکەکە، لەژێر بیانووی بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ داعش بانگهێشتی کەرکووک کرا، لە شنگال لە شوێنی داعش جێگیر بوو و ئەمەش یەکێک لە پێشهاتەکانە. پەکەکە لە کاتێکدا لەو شوێنانە جێگیر بووە کە داعش چۆڵی کردوون؛ لە لایەکی دیکەوە دەبیندرێت کەمە هاوئاهەنگییەکی لەگەڵ داعش هەیە."

"پەکەکە سوودی لە ناکۆکی و پەرتەوازەییەکان وەرگرتووە"

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هاکان فیدان باسی لەوە کرد، پەکەکە سوودی لە هەموو ناکۆکی و پەرتەوازەییەک وەرگرتووە و گوتی، "ناکۆکیی نێوان حکومەتی ناوەندی و هەولێر، هەروەها ناکۆکیی نێوان شیعە و سوننە دوو لەو بابەتە سەرەکییانەن کە پەکەکە وەبەرهێنانیان لەسەر دەکات. هەروەها رێخۆشکەریی یەکێتی بۆ پەکەکە لە سلێمانی بووەتە هۆی ئەوەی تادێت رێکخراوەکە لەو ناوچەیەدا بەهێزتر ببێت."

هەروەها کەمبوونەوەی هێزەکانی پێشمەرگەش لە ناوچە جێناکۆکەکان بە گوتەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، هۆکار بووە بۆئەوەی زنجیرەیەک پەیوەندیی تاکتیکی لەنێوان پەکەکە و بەشێک لە هێزە چەکدارە عێراقییەکان دروست ببێت." یەکێتییش بەوە تۆمەتبار دەکات "لە سووریادا مەشقی بە چەکدارانی پەکەکە/یەپەگە کردووە و رووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەری (SDG) لە باکووری عێراق و رووداوەکانی فڕۆکەخانەی عەربەت، پەردەی لەسەر ئەمانە لادا. ئەم دۆخە پەیوەندییەکانی یەکێتی و پەکەکەش ئاشکرا دەکات. ئەگەر سەرەڕای گەمارۆکانمان لەسەر سلێمانی، یەکێتی هەڵوێستی خۆی لە بابەتی پەکەکە نەگۆڕێت، لە گرتنەبەری رێکاری زیاتر سڵ ناکەینەوە."

لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی تایبەت بە بودجەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی، وەزیری دەرەوەی تورکیا رۆژی سێشەممە 16-1-2024 لە پەرلەمان گوتارێکی پێشکێش کرد و باسی لە پێشهاتەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە باشوور، رۆژئاوا و باکووری کوردستان، سووریا و عێراق کرد.

"لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکاندا هاوکاریکردنی وڵاتانی دراوسێ گرنگە"

سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەودیو سنووری سوپای وڵاتەکەی هاکان فیدان رایگەیاند، بەرەنگاربوونەوەی تورکیا لەگەڵ پەکەکە/یەپەگە و ئەوانەش کە هاوکارییان دەکەن لە دەرەوەی سنووری وڵاتەکەیان، تاوەکو ئەوکاتە درێژە دەکێشێت کە دوایین ئەندامیان لەنێودەچێت؛ گوتیشی، "ریشەکێشکردنی یەکجارەکیی رێکخراوە تیرۆریستییەکان گرنگە. ئەمە نەک تەنیا بۆ وڵاتەکەمان، بەڵکو مەرجی سەرەکییە بۆئەوەی وڵاتانی ناوچەکە بتوانن بە ئاشتی و خۆشگوزەرانی بژین. هەربۆیە هاوکاریکردنی وڵاتانی دراوسێ لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان بووەتە خاڵێکی گرنگ."

وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی، "ئێستا کلاسیکیترین کەرەستە لە بەرەنگاربوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا بریکار و رێکخراوە تیرۆریستییەکانن، بەتایبەتی ئەو لایەنانەی بەهۆی رێگریکردن لە چەکی ئەتۆمی ناتوانن لەگەڵ یەکدی شەڕ بکەن، هانایان بردووەتە بەر بریکارەکانیان. دوای جەنگی سارد، وڵاتانی ناوچەکە دانە دانە بەرەو شەڕی نێوخۆیی و تیرۆر رۆیشتن. بینیمان هەوڵدەدرێت هەمان سیناریۆ لە تورکیا جێبەجێ بکرێت، بەڵام شتێک روویدا کە حسابی بۆ نەکرابوو. ئەو حکومەتانەمان کە ماوەی 21 ساڵە لەژێر سەرکردایەتیی بەڕێز سەرۆککۆمارمان و پشتیوانیی خەڵک، لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا کاریان کرد، ئەو کراسەیان دڕاند و فڕێیاندا کە دەیانویست بە زۆر بیکەنە بەر تورکیا."

"ئیدی پەکەکە زیاتر لە تورکیا، هەڕەشەیە بۆ سەر سووریا و عێراق"

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەوەی خستەڕوو، وڵاتەکەی ساڵانێکە بەردەوامە لە بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە و لە تورکیادا "جموجووڵی چەکداریی لەدەستداوە و چالاکییەکانی دابەزیونەتە نزمترین ئاست."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا فیدان باسی لەوە کرد، پەکەکە "ئیدی زیاتر لە تورکیا، بووەتە هەڕەشەی ئەمنی لەسەر سووریا و عێراق. پەکەکە کە لە تورکیادا زەوینەی لەدەستداوە، زۆربەی جموجووڵەکانی گواستووەتەوە بۆ دەرەوەی سنوور. لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەودیو سنوورماندا هەنگاوی نوێ و گرنگمان ناوە. لە رێگەی ئەو ستراتیجییەوە هەڕەشەکان لەنێودەبەین، هەروەها جیاکاریی نێوان سووریا و عێراقمان نەهێشت. هەڕەشە لە هەرکوێیەک بێت، رێکخراوەکە لە هەردوولا و بە شێوەیەکی هاوکات دەکەینە ئامانج."

لەبارەی ئەو سەرچاوانەش کە پەکەکە لەسەر پێ دەهێڵنەوە، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، دانە دانەی ئەو سەرچاوە و ژێرخانانە لەنێودەبەن، دەشڵێت، "تەنیا بە لەنێوبردنی تیرۆریستان ناوەستین، بەڵکو بەدواداچوون دەکەین و بەرپرسانی باڵاشیان لەنێودەبەین. هاوکات شکست بە هەوڵەکانی ناساندنی رێکخراوەکە دەهێنین لە ئاستی نێودەوڵەتی، ئەویش بە نیشاندانی بەڵگە لەبارەی بوونی پەیوەندییان بە تیرۆرەوە."

"پێکهاتەی پەیوەندیدار بە پەکەکە هەوڵی چوونە نێو پەرلەمان دەدەن"

سەبارەت بە جموجووڵەکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان، هاکان فیدان ئەوەی خستەڕوو، "رێکخراوی جوداخواز دەیەوێت لەنێو عێراقدا هەژموونی سیاسیی خۆی بەهێزتر بکات. هەندێک پێکهاتە کە پەیوەندییان لەگەڵ پەکەکە هەیە و بە رواڵەت سیاسین، دەیانەوێت بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانەکانی هەرێمی کوردیی عێراق بکەن. پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەرپرسان و لایەنی پەیوەندیداری عێراق بەردەوامن. لەم نێوەندەدا لە سەردانی ئابی 2023مان بۆ عێراق، دەرفەتی دیدارمان لەگەڵ لایەنی سیاسی و بەرپرسی هەموو لایەنەکان هەبوو. بە زمانێکی روون باسمان لەوە کرد، بوونی پەکەکە بەر لە هەموو شتێک هەڕەشەیە بۆ سەر یەکێتیی خاک و حوکمڕانیی سیاسیی عێراق. لەم بابەتەدا هیچ ناڕەزاییەکمان نەبیست."

سەبارەت بە هەڵوێستی کابینەی هەنووکەیی حکومەتی عێراق لەمەڕ پەکەکە فیدان گوتی، "لە بنەمادا حکومەتەکەی سوودانی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا هەڵوێستێکی بنیاتنەرانەی هەیە؛ ئەوەش پەسند دەکات کە پەکەکە و رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکەش بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و خۆشگوزەرانیی عێراق. پێداگریمان لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی لە عێراق لەلایەن بەرپرسانی ئەوێ پێشوازی لێدەکرێت. لەم چوارچێوەیەدا رۆژی 19-12-2023 لە ئەنقەرە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی عێراق کۆبوونەوەیەکی ئەمنیمان سازکرد. عێراق دوای کۆبوونەوەکە بۆ یەکەمجار لە نووسراوێکدا پەسندی کردووە کە پەکەکە هەڕەشەیە."

وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها گوتی، ئاڵوگۆری بیروڕایان لە بابەتی پەکەکە لەگەڵ لایەنی عێراقی بەردەوام دەبێت و بەدواداچوونی بەردەوام بۆ بابەتەکە دەکەن." گوتیشی، "پەکەکە لە عێراق و سووریا هەوڵی چەوساندنەوەی ئەو کورد و پێکهاتانەی دیکە دەدات کە ئایدیۆلۆژیای ئەو پەسند ناکەن. هەروەها بەهۆی ئەوەی بە زۆر چەکداریان دەکات، ماڵباتە کورد، سریانی و عەرەبەکان هەوڵدەدەن منداڵەکانیان بنێرنە وڵاتەکەمان و وڵاتانی رۆژئاوا. ئێمە هەرگیز رێگەنادەین دەوڵەتێکی تیرۆر لە باکووری سووریا دابمەزرێت."