کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان: دڵگرانین بەرامبەر رووداوەکەی هەولێر

رووداو دیجیتاڵ

مەولوود یاقووت، کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کە بۆ بەشداری لە پرسەی پێشڕەو دزەیی و کچەکەی سەردانی ماڵەکەیانی کردبوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دڵگرانن بەرامبەر ئەو رووداوە.
 
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ (سێشەممە، 16-1-2024) تەرمی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەدار و کچەکەی بە خاک دەسپێردرێن، کە لەئەنجامی بەئامانجکردنی ماڵەکەیان لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران لە هەولێر کوژران. 
 
ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و کۆنسوڵی وڵاتان لە بەردەم ماڵەکەی بوون بۆ دەربڕینی هاوخەمی. یەکێک لەو ئامادەبووانە مەولوود یاقووت، کۆنسوڵی گشتیی تورکیا بوو لە هەرێمی کوردستان. یاقووت بە پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند بۆ هاوسۆزی و نیشاندانی پشتیوانی و سەرەخۆشی چوونەتە ئەوێ. 
 
کۆنسوڵی گشتیی تورکیا سەبارەت بە پێشڕەو دزەیی گوتی "من، بەڕێز پێشڕەوم لە نزیکەوە دەناسی. پیاوێکی خۆشەویست بوو. بازرگان بوو. من لێرەم بۆ ئەوەی هاوسۆزی و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خێزانەکەی بکەم. ئێمە، دڵگرانین بەرامبەر ئەو شتەی شەوی رابردوو روویدا."
 
پێشڕەو دزەیی کێیە و چۆن گیانی لەدەستدا؟
 
سەرمایەدار پێشڕەو مەجید ئاغا دزەیی، ساڵی 1966 لە هەولێر لەدایک بووە، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی فاڵکۆن و پڕۆژەی ئیمپایەر بوو، دوو هاوژین و چوار منداڵی هەبوو.
 
لە هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر ماڵەکەی، خۆی و کچێکی، لەگەڵ میوان و کارگوزارێکی ماڵەکەی گیانیان لەدەستدا، هاوژین و دوو منداڵی دیکەیشی بریندارن. کچە بچووکەکەی کە ناوی ژینا بوو، هێشتا تەمەنی نەببووە ساڵێک، لەگەڵ خۆی لە بۆردوومانەکاندا گیانی لەدەستدا. هاوژینێکی بە ناوی هانا جووتیار و دوو منداڵەکەی دیکەی بریندارن.
 
کوڕە گەورەکەی بەناوی رۆژ پێشڕەو، تەمەنی 25 ساڵە، لە رووداوەکەدا قۆڵێکی لەدەستداوە و بڕیارە بۆ چارەسەر رەوانەی ئیمارات بکرێت. کوڕەکەی دیکەی، رەوان پێشڕەو، ئەویش بریندارە، بەڵام برینەکەی سووکترە.
 
نائیل، بەڕێوەبەری نووسینگەی پێشڕەو مەجید ئاغایە، لەبارەی کارەکانییەوە قسەی بۆ رووداو کرد و، گوتی "ئەو کەسێکی سڤیل بوو، نەک خۆی، تەنانەت خوشک و براکانیشی هیچ پەیوەندییەکیان بە سیاسەت و دەزگای ئەمنی و سەربازییەوە نەبووە."
 
دەقی گوتەکانی مەولوود یاقووت، کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان:
 
"هاتووین بۆ ئەوەی هاوسۆزی و پشتیوانی خۆمان دەرببڕین و سەرەخۆشیان لێ بکەین. من بەڕێز پێشڕەوم لە نزیکەوە دەناسی. پیاوێکی خۆشەویست بوو. بازرگان بوو. من لێرەم بۆ ئەوەی هاوسۆزیی و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خێزانەکەی بکەم. ئێمە دڵگرانین لە بەرامبەر ئەو شتەی شەوی رابردوو روویدا."