پێشڕەو دزەیی کێ بوو؟ کەسوکارەکەی قسە بۆ رووداو دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
لە هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری شاری هەولێر، خۆی و کچێکی، لەگەڵ میوان و کارگوزارێکی ماڵەکەی گیانیان لەدەستدا، هاوژین و دوو منداڵی دیکەیشی بریندارن.
دوای هێرشەکان، سوپای پاسداران لە راگەیاندنەکانی نزیک خۆیەوە چەند زانیارییەکی لەسەر ژیان و کارەکانی پێشڕەو دزەیی بڵاوکردەوە، بەڵام کەسوکاری پێشڕەو، سەرلەبەری زانیارییەکان رەتدەکەنەوە.
سوپای پاسداران، پێشڕەو دزەیی تۆمەتبارکردووە بەوەی پاڵپشتی دەزگایەکی سەر بە مۆسادی ئیسرائیلی کردووە.
رووداو پەیوەندیی بە بەڕێوەبەری نووسینگەکەی پێشڕەو دزەییەوە کرد و لە وەڵامدا گوتی "تۆمەتەکان لە هێرشەکان زیاتر تووشی شۆکیان کردین، چونکە کاک پێشڕەو دوور و نزیک هیچ پەیوەندییەکی بە سیاسەت و حیزب و دەزگای هەواڵگرییەوە نەبووە، کەسێکی سەد لە سەد بێلایەن بووە."
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی لێکۆڵینەوە چوونەتە ماڵی پێشڕەو دزەیی و "دەرکەوت بانگەشەکانی کە باس لەوە دەکەن بارەگای مۆسادە، راست نین. لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین لە کۆبوونەوەکانمان لەم بارەیەوە و راپۆرتی خۆمان بۆ فەرماندەی گشتی بەرزدەکەینەوە."
پێشڕەو دزەیی کێیە؟
پێشڕەو مەجید ئاغا دزەیی، ساڵی 1966 لە هەولێر لەدایک بووە، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی فاڵکۆن و پڕۆژەی ئیمپایەر، دوو هاوژین و چوار منداڵی هەبوو، کچە بچووکەکەی کە ناوی ژینا بوو، هێشتا تەمەنی نەببووە ساڵێک، لەگەڵ خۆی لە بۆردوومانەکاندا گیانی لەدەستدا. هاوژینێکی بە ناوی هانا جووتیار و دوو منداڵەکەی دیکەی بریندارن.
کوڕە گەورەکەی بەناوی رۆژ پێشڕەو، تەمەنی 25 ساڵە، لە رووداوەکەدا قۆڵێکی لەدەستداوە و بڕیارە بۆ چارەسەر رەوانەی ئیمارات بکرێت. کوڕەکەی دیکەی، رەوان پێشڕەو، ئەویش بریندارە، بەڵام برینەکەی سووکترە.
نائیل، بەڕێوەبەری نووسینگەی پێشڕەو مەجید ئاغایە، لەبارەی کارەکانییەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "ئەو کەسێکی سڤیل بوو، نەک خۆی، تەنانەت خوشک و براکانیشی هیچ پەیوەندییەکیان بە سیاسەت و دەزگای ئەمنی و سەربازییەوە نەبووە."
پێشڕەو، چوار برای هەیە:
د. عەبدوڵڵا مەجید، سەرۆکی پێشووی یانەی هەولێر
د. عومەر مەجید، مامۆستای زانکۆ و یاریزانی پێشووی یانەی هەولێر
چاپووک مەجید، وەبەرهێن
سەرباز مەجید، جووتیار
پێشڕەو دزەیی لە کوێ ژیاوە؟
پێشڕەو دزەیی، بازرگان بوو، لە 1991ـەوە چووەتە سوێد و تاوەکو ساڵی 2003 لەوێ ژیاوە، دوای رووخانی حکومەتی بەعس لە ساڵی 2003، چووەتە بەغدا و لەوێ ماوەتەوە تاوەکو ساڵی 2007، هەر لە بەغدا کۆمپانیایەکی سکۆریتیی دامەزراندووە. ساڵی 2007 هاتووەتە هەولێر و گرووپی کۆمپانیاکانی فاڵکۆنی دامەزراندووە و پرۆژی ئیمپایەری دروستکردووە.
سالار هاوار ئاغا، ئامۆزای پێشڕەو بە رووداوی گوت "لە رابردوودا، هەرگیز نەمبیستووە هیچ کێشەیەکی لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێکدا هەبووبێت، یان هەڕەشە لەسەر ژیانی هەبووبێت."
کارە خێرخوازییەکانی پێشڕەو دزەیی
پێشڕەو مەجید دزەیی، لەگەڵ ئەوەی کاری وەبەرهێنان و بازرگانیی دەکرد، یەکێک بوو لە خێرخوازە دیارەکانی هەرێمی کوردستان، لە کاتی شەڕی داعشدا، زیاتر لە شەش مانگ لە میحوەری دیبەگە ئەرکی دابینکردنی خۆراکی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە گرتە ئەستۆی خۆی. بە هاوبەشی لەگەڵ نۆ بازرگانی دیکە، ژمارەیەک قوتابخانەیان دروستکردووە، کە تاوەکو ئێستاش هەندێکیان تەواو نەکراون.
لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا، 93 ھەزار دەستکێش، 750 چاویلکەی پزیشکی، سێ هەزار ماسکی N95، 1875 جلی تایبەب بە کۆرۆنا و چەندان کارتۆن پێداویستیی پزیشکی دیکەی پێشکێشی تەندروستیی هەولێر کرد.
هەروەها لە کەمپەینی رەنجی شەهیدان کە تۆڕی میدیایی رووداو لە ساڵی 2015ـدا رایگەیاند، بڕی یەک ملیۆن دۆلاری بەخشییە ماڵباتی شەهیدانی شەڕی داعش.
سالار هاوار ئاغا دەڵێت "مووچەی بۆ دەیان خێزانی بێسەرپەرشت بڕیوەتەوە، بەڵام تەنیا خۆی دەزانێت و نەیوستووە کەس بەو خێرە بزانێت."