بۆچی کەرەم میخائیل میوانی پێشڕەو دزەیی بوو؟
رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لەو کەسانەی لە ماڵەکەی پێشڕەو دەزیی بوو کاتێک شەوی رابردوو بە پێنج مووشەک بەئامانج کرا، بازرگانێکی عێراقی بوو بە ناوی کەرەم میخائیل سەریدار، کە ئەو و پێشڕەو دزەیی و منداڵێکی لەگەڵ یەکێک لە کارگوزارەکانی ماڵەکەی گیانیان لەدەستدا.
کەرەم میخائیل کێیە؟
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، سەرمایەداری کریستیانی عێراقی کەرەم میخائیل سەریدار خەڵکی پارێزگای موسڵە و لەدایکبووی 1981 بوو. لە بەریتانیا ژیاوە و خوێندوویەتی،خاوەنی کۆمپانیای رەیانە کە تایبەتە بە هاوردەکردنی ئامێری کارەبایی.
کەرەم بریکاری هەردوو کۆمپانیای سامسۆنگ و سۆنی بووە لە عێراق، ئەو شەوە میوانی پێشڕەو دزەیی بووە لە هەولێر.
بازرگانەکە دانیشتووی ئیمارات بوو، خێزاندارە و باوکی دوو منداڵ بووە. هاوکات دوو ساڵ وەک بەڵێندەر لە پرۆژەی بولیڤارد لە هەولێر کاریکردووە.
کەرەم بریکاری هەردوو کۆمپانیای سامسۆنگ و سۆنی بووە لە عێراق، ئەو شەوە میوانی پێشڕەو دزەیی بووە لە هەولێر.
بازرگانەکە دانیشتووی ئیمارات بوو، خێزاندارە و باوکی دوو منداڵ بووە. هاوکات دوو ساڵ وەک بەڵێندەر لە پرۆژەی بولیڤارد لە هەولێر کاریکردووە.
بۆچی میوانی پێشڕەو دزەیی بووە؟
بەو پێیەی هەردووکیان گەورەبازرگان و وەبەرهێنەرن، کەرەم میخائیل، بۆ واژۆکردنی گرێبەستێکی هاوبەشی کارکردن سەردانی پێشڕەوی کردووە بۆ ماڵەکەی، بەڵام لە هێرشەکەی ئێراندا هەردووکیان کوژراون.
ئەنمار غازی، پەیامنێری رووداو لە بەغدا، چووە بەردەم لقی سامسۆنگ لە بەغدا و کۆمپانیای ئەلڕەیان، بەهۆی رووداوەکەوە هەردووکیان داخراون.
چی روویدا؟
شەوی رابردوو بە 11 مووشەک و چەند درۆنێک هێرشکرایە سەر هەولێر و دەوروبەری. سوپای پاسدارانی ئێران، هێرشەکانی لە ئەستۆ گرت.
شەوی هێرشەکە، لەنێو ماڵی پێشڕەو دزەییدا بەبۆنەی گەڕانەوەی منداڵەکانی لە ئەمریکا، ئاهەنگی خێزانی هەبووە، بۆیە مووشەکەکان جگە لە کوشتنی ئەو چوار کەسە، بوونە هۆی برینداربوونی 16 کەسی دیکە، کە لە ئەندامانی خێزان، بنەماڵە و پاسەوان و خزمەتگوزارەکانی پێشڕەو دزەیی پێکدێن.
ئەوانەی کوژراون، پێشڕەو دزەیی، کچێکی تەمەن 11 مانگی پێشڕەو، کەرەم میخائیل و کارگوزارێکی ماڵی پێشڕەون کە بە رەچەڵەک فلیپینییە.
چەند مووشەک ئاراستەی ماڵی پێشڕەو دزەیی کراون؟
سیداد لەشکری، پەیامنێری رووداو لە گوندی مەلا ئۆمەر لەسەر رێگەی هەولێر شەقڵاوە، گوتی "لە مەلا ئۆمەر، ماڵی پێشڕەو دزەیی، یەکێک لە بازرگانە دیارەکانی شاری هەولێر، بە پێنج مووشەک کراوەتە ئامانج."
پێشڕەو مەجید ئاغا دزەیی، سەرۆکی گرووپی فاڵکۆن بوو بە یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لە عێراق دادەنرێت.
هەر لە هێرشەکەدا هانا جووتیار، پزیشکی ددان و هاوژینی پێشڕەوە، لەگەڵ رەوان پێشڕەو تەمەن 7 ساڵ و رۆژ پێشڕەو، تەمەنی لەنێوان 25 بۆ 27 ساڵە و کە لەگەڵ باوکی کاری کردووە، بریندار بوون.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، ماڵی پێشڕەو دزەیی، بەردەوام قەرەباڵخ بووە و پاسەوان و کارمەندی دیکەی لێ بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەمشەو خاوەن ماڵەکە لەنێو باخەکەدا بووە، پێشبینی دەکرێت خەڵکی زۆر لەوێ بووبن.